Accessibility links

زێلێنسکی بە کۆمەڵەی حەوت دەڵێت ئۆکرانیا پێویستی بە گاز و چەکی زیاترە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کرد گاز و چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن تاوەکو یارمەتی بدەن لە وەرزی سەختی زستاندا.

لە کاتێکدا لە ئۆکرانیا بەفر دەبارێت و ژێرخانی وزەی ئۆکرانیاش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە دەناڵێنێت، زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەبێ کارەبا و گەرمی ڕووبەڕووی سەرمای سەختی زستان بوونەتەوە.

لە میانەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا، زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا پێویستی بە " نزیکەی دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی دیکە هەیە تاوەکو زستانی پێ بەڕێ بکات."

هەروەها داواشی کرد چەکی زیاتر بنێرن بۆ ئۆکرانیا، لەوانەش " تانکی نوێ و تۆپهاوێژ و موشەکی مەودا درێژ."

یارمەتییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا یارمەتیدەر بوون لە جەنگەکەدا. بەرپرسێکی سەربازیی باڵای ئەمەریکاش دەڵێت ڕووسیا ڕەنگە پەنا بباتە بەر تۆپهاوێژ و تەقەمەنییە کۆنەکانی، لە کاتێکدا کە چەک و تەقەمەنییە نوێیەکانی لە کەمبوونەوەدان.

بەڵام زێلێنسکی وتی " ڕووسیا هێشتا لە موشەک و تۆپهاوێژدا باڵادەستترە."

زێلێنسکی بە کۆمەڵەی حەوتی وت " ئەمە ڕاستییە. ئەم توانایانەی سوپای داگیرکەر ئەوانەن کە هانی خۆبەزلزانینی کرێملن دەدەن."

ئۆکرانیا دەڵێت لە سەدا 40 ی ژێرخانە هەستیارەکانی وزەی وڵاتەکە زیانییان بەرکەوتووە، ئەوەش هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانەکانی وزەی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی بە کۆمەڵەی حەوتی وت " تیرۆر دژی وێستگەکانی کارەبامان ناچاری کردووین گازی زیاتر لەوەی پێشبینی کرابوو بەکاربهێنین."

وتی " لەبەر ئەوەیە پێویستمان بە پشتیوانی زیاترە بە تایبەتی لەم زستانەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG