Accessibility links

زێلێنسکی داوای وەبەرهێنانی ئەمەریکا دەکات لە ئاسایش و دیموکراسی جیهاندا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتارێکی پێشکەشی دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و وتی خەباتی ئۆکرانیا " ئەو جیهانە دیاری دەکات کە منداڵەکانمان و نەوەکانمان تیایدا دەژین."

وتی " بە پێچەوانەی هەموو ئەگەرەکان و سیناریۆی مەرگ و تاریکیدا، ئۆکرانیا نەکەوت، ئۆکرانیا لە ژیاندا ماوە و بەردەوامە."

زێلێنسکی کە بە زمانی ئینگلیزی وتارەکەیدا سوپاسی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو یارمەتیە سەربازی وداراییەی پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە.

زێلێنسکی بە کۆنگرێسی وت " پارەکەتان خێرخوازی نیە، بەڵکو وەبەرهێنانێکە لە ئاسایش و دیموکراسی جیهاندا کە ئێمە بە شێوەیەکی زۆر بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."

وتیشی لە کاتێکدا کە ڕووسیا لە تۆپهاوێژ و تەقەمەنی و موشەک و فڕۆکەدا لە پێشەوەیە، " هێزەکانی بەرگریمان خۆیان ڕاگرتووە."

وتی " ئۆکرانیا هێڵەکانی خۆی گرتووە و هەرگیز خۆی نادات بە دەستەوە."

لە کۆتایی وتارەکەیدا زێلێنسکی ئاڵایەکی ئۆکرانی پێشکەشی کۆنگرێس کرد کە لەلایەن یەکێک لە سەربازە بەرگریکارەکانی شاری باخموتەوە پێی درابوو، کە شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و چەند مانگێکە هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەتەوە تیایدا. لە بەرامبەریشدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی ئاڵایەکی ئەمەریکی دا بە زێلێنسکی کە پێشتر بەسەر بینای کاپیتۆڵ هیڵدا هەڵکراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زێلێنسکی کرد و وتی " گەلی ئەمەریکا بە شانازییەوە لە پاڵ ئۆکرانییەکاندا وەستاون."

وتی " دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ئەوروپا و ژاپۆن و وڵاتانی دیکەش پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی یارمەتی دارایی و مرۆیی و ئاسایشت هەبێت." ئاماژەشی بەوەدا ئێستا 300 ڕۆژ تێپەڕیوە لەو کاتەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەستیکرد بە " هێرشە دڕندەکەی دژی مافی ئۆکرانیا بۆ بوون وەکو دەوڵەتێک."

زێلێنسکی سوپاسی بایدنی کرد لەسەر پشتیوانییەکان و وتی " لە دڵم و دڵی ئۆکرانییەکان و سەرجەم ئۆکرانییەکانەوە " سوپاسگوزارین.

وتی " لە خەڵکە ئاساییەکەمانەوە بۆ خەڵکە ئاساییەکەتان، ئەمەریکییەکان، سوپاستان دەکەین."

زێلێنسکی خاچێکیدا بە سەرۆک بایدن کە مەدالیای بەهای سەربازییە و خاوەنەکەی سەربازێکی ئۆکرانی بووە کە کاری لەسەر سیستمی تۆپهاوێژی هیمارس کردووە، سەربازەکە داوای لە زێلێنسکی کردووە مەدالیاکە بدات بە " سەرۆکە زۆر ئازاکە." بایدن لە کاتی وەرگرتنی مەدالیاکەدا وتی " شایەنی ئەوە نیە، بەڵام زۆر پێی دەزانێت." سیستمی تۆپهاوێژی هیمارس لەلایەن ئەمەریکاوە دراوە بە ئۆکرانیا.

دواتر سەرۆک بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ زێلێنسکی جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردەوە.

وتی " ئێمە ئۆکرانیا چی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی بۆی دابین دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانێت سەربکەوێت، بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگەکەشدا سەربکەوێت. تاوەکو ئۆکرانیا لەوێ بێت ئێمە لەگەڵ ئۆکرانیادا دەمێنینەوە."

بایدن وتی " سەدان کاتژمێری " لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکاندا بەسەر بردووە و داوای لێکردوون بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.

وتی " ئەوان بە تەواوەتی تێدەگەن، بەڵام هەوڵی ئەوە نادەن بچنە شەڕەوە لەگەڵ ڕووسیادا. ئەوان هەوڵی جەنگی جیهانی سێیەم نادەن."

کاتێک پرسیار لە زێلێنسکی کرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕێگەیەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بۆ ئاشتی، وتی " بۆ من وەکو سەرۆک، ئاشتی سازش کردن نیە لەسەر سەروەری و ئازادی و یەکپارچەیی وڵاتەکەم. ئاشتی قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەیە کە بەهۆی دوژمنکارییەکەی ڕووسیاوە بە وڵاتەکە گەیشتووە."

گەشتەکە لە کاتێکدایە کە یاسادانەرانی ئەمەریکا تاوتوێی 45 ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بۆ یارمەتی بەپەلە بۆ ئۆکرانیا، ئەگەر ئەوەش پەسەند بکرێت ئەوا یارمەتییەکانی ئەمەریکا لە کاتی جەنگدا دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG