ئیسرائیل داوا ده‌کات حیزبوڵا بخرێته‌ لیستی تێرۆریستانه‌وه‌

سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل داوا له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌کات تا حیزبوڵای لوبنان به‌ تێرۆریست بناسێنێت.
ئه‌م داوایه‌ی به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ هاوکاتی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی بووه‌ له‌گه‌ڵ کاترین ئاشتن به‌ڕێوبه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی یه‌کێتی ئه‌وروپا که‌ به‌ سه‌ردانێک له‌ ئیسرائیله‌.

به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نساش که‌ ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپان له‌ هه‌وڵدان تا حیزبوڵای لوبنان بخرێته‌ ناو لیستی تێرۆریستانه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا کۆده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیه‌ نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌.

ده‌مێکه‌ سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل ئه‌و داوایه‌ ده‌کات و کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ خانم ئاشتندا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م دۆسێیه‌ به‌کارهێنا و ده‌شڵێت پێویسته‌ سزا بسه‌پێندرێته‌ سه‌ر حیزبوڵا به‌هۆی ئه‌و کارانه‌ی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریادا و هه‌روه‌هاش ئه‌و هێرشانه‌ی له‌ ئه‌وروپا ده‌یکات.
به‌ڕێز نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر حیزبوڵای لوبنان تێرۆریست نه‌بێت ئه‌ی تێرۆریست چۆن ده‌بێت.