ئێران دەڵێت ئەمریکا لە دوژمنایەتیکردنمان بەردەوام بووە

رابەری باڵای ئێران دەڵێت واشنتن لە دوژمنایەتیکردنی وڵاتەکەی بەردەوام بووە ، ئەمەش بە گوتەی خۆی وێڕای پەیامەکەی سەرۆک ئۆباما بە بونەی ساڵی نوێی فارسییەوە پێشکەشیکرد.

ئەمڕۆ ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی لە پایامەکەدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە ئەوەی لە شاری مەشهەد لە باکوری ئێران پێشکەشی کرد گوتی لەلایەک وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ساڵی نوێوە پێشکەشمان دەکات و لەلایەکی ترەوە گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ئێرانیان هێشتوەتەوە ، ئەمەش کارێکی دوژمنانەیە.

ئەوەی جێێ ئاماژەیە دوا بڕیار لەسەر هەموو مەسەلەکانی وڵات لەلایەن خامەنەییەوە دەدرێت. ناوبراو گوتیشی زۆرێک لە کۆمپانیەکانی نێونەتەوەیی لەبەر مەترسی لە ئەمریکا ،خۆیان لە کارکردن لە ئێراندا بەدوور رادەگرن.

سەرۆک ئۆباما دوێنێ لە پەیامێکی ساڵانەی ڤیدیۆیدا بە بۆنەی ساڵی نوێی فارسیەوە گوتی؛ ئەو سەودایەی ساڵی پار ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهان دەستەبەری کرد ، کارئاسانی بۆ تاران دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئابوری جیهانیەوە بکاتەوە.