سوپای عێراق دەستی بە هەڵمەتی گرتنەوەی شاری موسڵ کردوە

وتەبێژێکی لەشکری عێراقی رایگەیاند کە سوپای عێراقی بە پاڵپشتی فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمان بە رابەرایەتی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمڕۆ دەستیان کرد بەو کردە لەشکریەی لەمێژە چاوەڕوانی ئەنجامدانی دەکرێت بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ لە باکوری عێراق و وەدەرنانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو شارە.

وتەبێژی فرماندەی هاوبەش عەمید یحیا رەسوڵ دەڵێت؛ لە دەسپێکی هەڵمەتە لەشکریەکەی بەیانی ئەمڕۆدا ، هێزەکانی عێراقی چەند گوندێکیان لە دەوروبەری شارۆچکەی مەخمور کۆنترۆڵکردەوە و ئاڵای عێڕاقیان تیایاندا هەڵدا، ئەم شارۆچکەیە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شاری موسڵ.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ، دەست بەجێ رون و ئاشکرا نیە کە ئایا ئەم کردە لەشکریە ئاڵۆز و سەختە ماوەی چەند دەخاینێت . بەمدوایانە بەرپرسانی ئەمریکای و عێراقی ئامادەنەبوو کە وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستکردن بە هەڵمەتی لەشکری بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ بدرکێنن و گوتیان ئامادەکاریەکان بۆ ئەو کردە لەشکریە چەندان مانگی گەرەکە ، بەگوتەی خۆشیان لەبەرئەوەی لەشکری عێراقی هێشتا کێشەی ئامادەگی هەیە.

هاوکات هەندێ کاربەدەستانی ئەمریکای و عێراقی گوتبوویان کە شیانی گرتنەوەی شاری موسڵ لەم ساڵدا نیە ، ئەمەش وێڕای بەڵینە بەردەوامەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بۆ گرتنەوەی ئەو شارە.

بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی عێراقی بەرنامەکانی پەخشێ ئاسایی بەیانیانی خۆی بڕی و چەند هەواڵێکی ئاگاداری بڵاوکردەوە و سرودی نیشتمانی لێدەدا و هەروەها دیمەنی ئاڵای شەکاوەی وڵاتی پیشان دەدا.