ئوستورالیا بە نیازە یاسای توند پیادەبکات دژ بە بڵاوکردنەوەی بابەتی هاندری رقوکینە لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

حوکمەتی ئوستورالیا پلانی هەیە کە ببێتە یەکەمین وڵاتی جیهان بۆ سەپاندنی سزای زیندانی و غەرامە بە بڕی چەندان ملیۆن دۆلار بەسەر ئەو ماڵپەڕە مەزنانەی سۆشیال میدیا ئەوانەی بە خێرایی بابەتەکانی هاندەری رقوکینە لە سەر ماڵپەڕەکانیان لانادەن. ئەم کاردانەوەیەی دەسەڵاتدارانی ئوستورالیا لە ئاکامی بڵاوکردنەوەی راستەوخۆی هێرشەکانی کرانە سەر دوو مزگەوت لە شاری کرایستچێرچ بوو. پرۆژە یاسائ ئاماژەپێدراو لەم هەفتەیەدا پێشکەش بە پەرلەمانی ئوستورالیا دەکرێت. لە سدنیەوە "فیڵ مێرسەر" لە راپۆرتەکەیدا دەڵیت؛

وەزیری دادی ئوستورالیا " کریستچن پۆرتەر" دەڵێت ماڵپەرە مەزنەکانی سۆشیاڵ میدیا زۆر بە سستی ئەو ڤیدیۆ سەرسورهێنەرەی پەخشی راستەوخۆی هێرشەکانی کرانە سەر ئەو دوو مزگەتەیان لە ماڵپەڕەکان هەڵگرت و ناوبراو دەشڵیت بۆ نزیکەی یەک کاتژمێر بەرپرسانی پۆلیس لە نیوزلاند داوای لابردنی ڤیدیۆی هیرشەکانیان کردبوو ، بەڵام دوای نزیکەی 70 خولەک ڤیدیۆکان لابران.

وەزیرانی حوکمەتی ئوستورالیا هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا کۆبوونەوە بۆ وتوێژکردن لەگەڵیان بۆ لابردنی بەپەلەی ئەو بابەتانەی کە نابەجێن و وروژێنەرن، بەڵام ئەم هەنگاوە خواستی یاسادانەرانی ئوستورالی بەدی نەهێناوە.