ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەکەرکوک: تورکیا بۆتە باوک بۆ پارتی، بۆیە ناگەڕێتەوە کەرکوک

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەکەرکوک، ئاماژە بەوەدەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر حیزب و لایەنێک ڕێگر بێت لەبەردەم یەکهەڵوێستی و یەک لیستی کورد، خیانەتی گەورە لەکەرکوک و کەرکوکیەکان دەکات.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا دەڵێت"دەبێت حیزب و لایەنە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران یەک لیست بن، ڕێگە نەدەن یەک دەنگی کورد بە فیڕۆ بڕوات."

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حیزب و لایەنە کوردیەکان بێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک کۆبوونەوە، لەبارەی بەشداری نەکردنی پارتی لەکۆبوونەوەکەدا، حەسیبە عەبدوڵا وتی"بەشداری نەکردنی پارتی زەربەیەکی گەورەیە لە چارەنوس و بەرژەوەندی کورد، هیوادارین پارتی بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، بەو بڕیارەیدا بچێتەوە کە کەرکوکی بەبیانووی داگیرکردنەوە بایکۆتکردووە، لەکاتێکدا لە موسڵ و ناوچەکانی تر بەشدارە و پشکی شێری هەیە."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە پارتی بووە بە قسەی خۆیەوە، پێشتر کەرکوکی بەداگیرکراو ناوبردووە، بۆیە بەقسەی خۆیانەوە بوون، کەچی بە خشپەیی وردە وردە بەرپرسەکانیان بۆ کەرکوک دەگەڕێنەوە، وتی"پارتی کەرکوک و دۆست و لایەنگرانی جێهێشت، ئێستا دەیەوێ درێژە بەو سیاسەتە بدات، ئەمە سیاسەتێکی خراپە و خزمەت بەدەوڵەتانی ئیقلیمی دەکات، بەتایبەت ئەم سیاسەتە لەبەرژەوەندی تورکیایە کە هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی کورد دەدات."

لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە ڕادەستکردنی دهۆک و بادینان و نەوتی هەرێم بە تورکیا تۆمەتبارکرد، وتی"تورکیا وەک باوکی لێهاتووە بۆ پارتی، پارتی ناتوانێ لە قسەی دەربچێت."

لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتریدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرشی کردە سەر یەکێتی نیشتیمانی لەکەرکوک، تۆمەتباری کردن بەوەی مانەوەیان لەو شارە تەنها بە ڕووکەشە و هیچیان پێنەکراوە.

لە وەڵامدا، حەسیبە عەبدوڵا دەڵێت"مانەوە و خۆڕاگریمان لەکەرکوک واتایەکی گەورەی هەیە، بەڵگەم لایە، دوای 16 ی ئۆکتۆبەر، خەڵکی کۆمەڵ و یەکگرتوو هاتوونەتە لامان، پێیانوتووین: یەکێتی نین، لەگەڵ بەرنامەی یەکێتیش نین، بەڵام تا مەڵبەندی یەکێتی لەم شارە بێت، ئێمە هەست بە ئەمان دەکەین و لەم شارە دەمێنینەوە، گەر مەڵبەند نەمێنێ، ناچارین کەرکوک جێبهێڵین. یەکێتی لەکەرکوک خەڵکی جێنەهێشت و ناو خەڵک مایەوە."

سەرکردەکەی یەکێتی، ئاماژەشی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەکەرکوک کرد، وتی"پێم شەرمە باسی ریفراندۆم بکەم، چونکە زۆری نەبرد، خۆیان وتیان: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو، کە وانەبوو، بۆچی کاتمان پێوە کوشت، ریفراندۆم ئەو ڕۆژە بوو،هەموو کوردیان هەڵخەڵەتاند، ئەوەش لەگەڵ ریفراندۆم نەبوو، کەوتە واقیعێکەوە، نەیدەتوانی بڵێ لەگەڵی نیم، چونکە دەکرایە موزایەدە بەسەریەوە و تۆمەتبار دەکرا بەوەی لەگەڵ دەوڵەت نیە، هەمووشمان زانیمان ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نەبوو، بۆ موزایەدە بوو."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەکەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد هەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی هاوڕابوون لەگەڵ پارتی دا بۆ ریفراندۆم، نازانرێت چۆن قەناعەتیان پێکراوە، بۆیە مەڵبەندی کەرکوک ناچاربوو ڕازی بێت بە ریفراندۆم، چونکە گەر ڕازی نەبایە، دوو سبەی بە ڕێگری لەبەردەم دەوڵەت دروستکردندا تۆمەتبار دەکرا، لەکاتێکدا دەشمانزانی بۆ دەوڵەت نیە، چونکە پێشینەی پارتیمان دەزانی.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشێک لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر تاوانبار دەکات و بە خیانەتکردن ناودێری دەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر_حەسیبە