محەمەد وەتمان: سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی بەڕێگەی شەرعی حیزبی هیچیان پێ ناکرێت

سەرکردەیەکی دێرین و دیاری یەکێتی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، مانەوەی سێبەری حیزبەکەی بۆ تێکۆشەرە دێرینەکان و کەس و کاری شەهیدان گرنگە، بۆیە دەبێت بەهەموویانەوە حیزبەکەیان لەو گرفتانە بپارێزن، کە بەهۆی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانەوە، دووچاریان بووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و کەسایەتی دیاری نێو یەکێتی، دەڵێت "تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان و ڕێکخستنەکان، بەخوێن یەکێتیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ، حەقە پارێزگاری لێبکەن، تا سێبەری یەکێتی بەسەریانەوە بمێنێت، سەنگ و قورسایی لەدەست نەدات."

جەختیشیکردەوە" نە پارتی بەتەنها هەرێمی پێ بەڕێوەدەبرێت، نە یەکێتی، هەردووکیان، دوو هێزی سیاسی خاوەن چەکداری ڕابردوون، بەرامبەر بەعس خەباتیان کردووە."

دەربارەی هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکانی یەکێتی لەدوای کۆنگرە، محەمەد وەتمان دەڵێت"من بەشداری کۆنگرەم نەکرد، ڕای جیاوازم هەبوو،باوەڕم بە هاتنە پێشەوەی گەنج و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەبوو، لەتەمەنی خۆمدا ناوبانگم پەیدا کرد، با خەڵکی تر بێنە پێشەوە."

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی خەبات و تێکۆشانەکەیان نەبووە هۆی گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا، وتی "ڕاستە ئازادی هەیە، بەڵام ژیانی خەڵکمان پێ نەگۆڕا."

محەمەد وەتمان حیزبەکانی تۆمەتبارکرد بە نەهێشتنی متمانە لای خەڵک، ئاماژەی بەوەکرد حیزبەکەیان متمانەیان لای خەڵک، لەنێوان تێکۆشەرەکاندا نەهێشت، خەڵک لەزیندان نەترسا، لەبرسان نەترسا، لە ئەنفال نەترسا، ملی بۆ بەعس شۆڕ نەکرد، کەچی حیزبەکان متمانەیان لا کوشتن.

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد وەتمان هاتە سەر باسی جوڵەی سەرکردە کۆنەکان و هەوڵدان بۆ ڕۆڵ پەیدا کردنەوە، لەدوای لاوازبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی وتی"من لەگەڵ برادەرانی کۆنیش هاودەنگیم نەماوە، دوو ساڵە تێکەڵاوی هیچیان نیم، نە تازەکان ، نە کۆنەکان، بەڵام کۆنگرە شەرعی بووبێت، یان نە، 124 ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، خەڵک هاتووەتە مەیدان، تازە ئەوان بەڕێگای شەرعی حیزبایەتی هیچیان پێناکرێت، مەگەر خۆیان بۆ کۆنگرەیەکی تر ئامادە بکەن. "

جەختیشیکردەوە "گرنگە یەکێتی کۆمیتەیەکی بەڕێوەبردن دروست بکات، تا حیزب بەڕێوە ببات، تا ئەوکاتەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان کۆتایی دێت و چارەسەر دەکرێن."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر