وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیان ی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە کەرکوک، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و بۆ ئەو مەبەستە ڕێنماییان بۆ هاتووە، چونکە لەسایەی یاسای نوێی هەڵبژاردندا، دۆخی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەدنان کەرکوکی دەڵێت "پارتی لە کەرکوک تەنها دوو کاندیدی هەیە، کاندیدێک لەبازنەی یەک و کاندیدێک لە بازنەی دوو، کار بۆ سەرخستنیان دەکەین."
وتەبێژەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک ڕوونیکردەوە، تا ئێستا بارەگایان بۆ کەرکوک نەبردووەتەوە و بەفەرمی بۆ ئەو شارە نەگەڕاونەتەوە، بەڵام نوسینگەیان بۆ بانگەشە کردن داناوە، وتی "بۆ گەڕانەوەی بارەگاکانمان لە گفتووگۆداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەمانەوێت سەربەرزانە و شکۆمەندانە بگەڕێینەوە."
جەختیکردەوە "عەرەب و تورکمان داوای هەفتەیەک دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکەن بۆ ماوەی هەفتەیەک، بەبیانووی گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەمە خۆی بە خۆی ترسیان نیشاندەدات لەگەڕانەوەی پارتی."
عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیان ی پارتی، ڕوونیکردەوە حیزبەکەی لە کەرکوک تەنها بانگەشە بۆ کاندیدەکانی و بەرنامەی حیزبەکەی بۆ خەڵک ڕووندەکاتەوە لەکاتی بانگەشەدا، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و ڕێنماییان بۆ ئەم مەبەستە بۆ هاتووە، وتی "چونکە وەزعی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە، ئەو هەموو میلیشیایەی ناو کەرکوکدایە، ئاستەنگن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا."
چاوەڕوان دەکرێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا لە کەرکوک، کورد 5 بۆ 6 کورسی بەدەست بهێنێت، کە کاندیدی لایەنە کوردیەکان، ململانێ لەسەر ئەو کورسیانە دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5