ئێران دەڵێت هەنگاوی ئەمەریکا بۆ لابردنی سزاکان باشن بەڵام بەس نین

وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر-عەبدوڵاهیان

چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی واشنتن ڕایگەیاند هەندێک سزا لەسەر بەرنامە ناوکییە مەدەنییەکانی ئێران هەڵدەگرێت، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی هەنگاوەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان " باشن بەڵام بەس نین".

ئاژانسی ISNA ی ئێران لە زاری حسێن ئەمیر-عەبدوڵاهیانەوە دەڵێت " هەڵگرتنی هەندێک سزا بە مانای ڕاستەقینەی خۆی لەوانەیە وەرگێڕانی نیازپاکی ئەوان بێت. ئەمەریکاییەکان باسی ئەوە دەکەن، بەڵام پێویستە بزانین ئەوەی لەسەر کاغەز ڕوودەدات باشە، بەڵام بەس نییە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە هەنگاوێکی تەکنیکی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015، سزاکانی سەر بەرنامە ناوەکییە مەدەنییەکەی ئێران لادەبات.

لابردنی ئەم سزایانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتان و کۆمپانیاکان تا بەشداری بکەن لە بەرنامەی ناوکی سڤیلی ئێران بەبێ ئەوەی سزای ئەمەریکا بیانگرێتەوە، لەژێرناوی بەرەوپێشبردنی سەلامەتی و بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی.

بەرنامەی ناوکی سڤیلی ئێران بریتییە لە زیادکردنی عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

وەزیری درەوەی ئێران گوتیشی " ئێمە لە بواری سیاسی، یاسایی و ئابووریدا بە دوای گەرەنتیدا دەگەڕێین" هەروەها گوتیشی " لە هەندێک بابەتدا ڕێککەوتن کراوە."

چەند لایەنێکی وتووێژکانی ڤیەنا کە لە نێوان ئەمەریکا، ئێران، بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیا بەڕێوەدەچێت، لە هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند وتووێژەکان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە تیایدا لایەنە سیاسییەکان دەبێت بڕیاری گرنگی سیاسی بدەن.

لە هەفتەی ڕابردوو وتووێژەکای ڤیەنا گەیشتنە بنبەست و نوێنەرانی لایەنەکان گەڕانەوە پایتەختەکانیان بۆ ڕاوێژکردن.