عیزەت شابەندەر: هۆشیار زێباری لە پێشبڕکێ دەرچووە، دەرفەت دراوەتە پارتی بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی تر بۆ سەرۆک کۆمار

Iraq Parliament

سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پێدانی دەرفەت بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ناوێکی تر کاندیدبکات بۆ سەرۆک کۆمار، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، دوورنیە پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ ڕێککەوتنی شیعە لەگەڵ یەکتری.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق دەڵێت"پێموایە هۆشیار زێباری لە پێشبڕکێی گەیشتنە پۆستی سەرۆک کۆمار دەرچووە، کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پێدانی دەرفەتبوو بە پارتی دیموکرات، تا ناوی تازە پێشکەش بکات بۆ ڕکابەری بەرهەم ساڵەح."

عیزەت شابەندەر پێیوایە دۆخی سیاسی عێراق باش نیە، لەبەرامبەریشدا جوڵەیەک هەیە بۆ ڕێککەوتن و کردنەوەی گرێ کوێرەکانی پێکهێنانی حکومەت، وتی"دۆخی عێراق باش نیە، لەبەرامبەریشدا جوڵە هەیە بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، پێکهاتەی شیعە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ململانێی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە، بەهەمانشێوە لەسەر ئاستی پێکهاتەی کوردیش ململانێ لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە و هەوڵیش هەیە بۆ ڕێککەوتن، ڕەنگە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار، جا سەرۆک لەپارتی بێت یان یەکێتی بەڵام بەڕەزامەندی هەردوولا، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو ماڵی شیعە."

ئەو سیاسەتمەدارە سەربەخۆیەی عێراق، پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بەگونجاوتر دەزانێت بۆ عێراق، دەڵێت"حکومەتی زۆرینە بەو مانایە نە، هەموو کورد و سونە و شیعە بەشداری پێبکرێت جگە لە دەوڵەتی یاسا، ئەمە ئاماژەنیە بۆ پرۆژەی زۆرینە، بەڵکو پرۆژەیەکی تەوافقیە و لایەنێکی لێدەرکراوە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق نەیشاردەوە، مەترسی هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی لەعێراق هەیە، ئاماژەی بەوەکرد ناکۆکیە کەسیەکان خەریکە چەک دەکاتە بەدیلی سەقامگیری، گەر پیاوە ژیرەکان نەیەنە سەر هێڵ بۆ بەرگرتن بە مەترسیەکان، دوور نیە عێراق بەرەو خراپتر ببرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر