زانیاری لەبارەی گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار

سەرباری گفتووگۆی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەو دوو حیزبە بڕیاری یەکلایی کەرەوەیان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەداوە، ڕەنگە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری پێکەوەچوون یاخود ماڵجیایی لەبەغدا بدەن.

دوێنێ پێنجشەمە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کۆبوویەوە، چەند پێشنیارێک لەنێوان هەردوولا خرانە ڕوو، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ پێشنیارێک نەدراو دواتر بافڵ تاڵەبانی بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارەکان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیدا کۆبوویەوە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینیش کۆبوونەوەکەیان بەردەوامی هەبێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاگۆڕینەوە لەنێوان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ڕوویداوە، سەرەتا بارزانی پێشنیاری کردووە، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بۆ حیزبەکەی بێت، لەبەرامبەردا پۆستەکانی تری بەغدا کە بەرکەوتەی کوردن لەگەڵ هەندێک پۆستی تردا لەهەرێم بدرێن بە یەکێتی.

کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت "تا ئێستا پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، ئەوان دەڵێن با ئەم خولەی پەرلەمان پۆستەکە لای ئێمە بێت، لەکاتێکدا ئێمە وەکو یەکێتی ئەو پۆستە بە پشکی خۆمان دەزانین."

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەدەکەن، دواتر بافڵ تاڵەبانی گەڕاوەتەوە لای مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و لەبارەی پێشنیارەکانی بارزانیەوە گفتووگۆی لەگەڵ کردوون، بەڵام سەرباری بوونی ڕاجیایی، زۆربەی مەکتەب سیاسیەکانی یەکێتی دژی دەستبەرداربوون لەپۆستی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی بەرهەم ساڵەحیش بوون، کە پارتی داوای گۆڕینی دەکات، بۆیە بڕیارە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی یەکێتی درێژەیان هەبێت.

ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو کۆتا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی سەرۆک کۆمار، گەر لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون، ئەوا کاندیدی هاوبەش پێشکەش دەکەن، گەر ڕێکیش نەکەون، پەرلەمانی عێراق ناکۆکی نێوانیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکاتەوە.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وتی"جاران پارتی چی هەبووە، کاتێک یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری لابووە، حەقە برادەرانی یەکێتیش بێبەش نەبن، جێگری سەرۆک وەزیران هەیە، وەزیری دەرەوە هەیە، ئێمە کەداوای یەکڕیزی دەکەین، خۆ ناکرێت بڵێین هەموو شت بۆ ئێمە."

وتیشی"ئێمە و یەکێتی دەبێت ڕێکبکەوین، جا بەرامبەر سەرۆک کۆمار قەرەبوو بکرێنەوە، یاخود بەکاندیدی مشتەرەکەوە بچینە بەغدا."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، هەم یەکێتی و هەم پارتیش لەبەردەم ترس و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەدان، بەتایبەت پارتی بەدوو دڵیەوە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی چارەنوسی هۆشیار زێباریەوە دەکات، هەروەک ترسی لەوەش هەیە، گەر بڕیارەکەی دادگا لەبەرژەوەندی زێباریش بێت، ئەوا کێبەرکێکەی نێو پەرلەمان لەبەرژەوەندی نەبێت، بەو پێیەی ڕای گشتی لەسەر ئاستی عێراق لەدژ دروستکراوە.

یەکێتی نیشتیمانیش، لەبەردەم هەڵوێستێکی قورسدایە، بەو پێ یەی گەر دەستبەرداری بەرهەم ساڵەح بێت یاخود دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بێت، ئەوا لایەنگران و بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی حیزبەکەی بە پاشەکشەکردن لەبەرامبەر خواستی پارتی لێکیدەدەنەوە، گەر پێداگیریش بێت لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵەح و بردنی پۆستەکە، ترسی ئەوەی هەیە ڕێککەوتنەکەی پارتی لەگەڵ لایەنە سەدر، ببێتە مایەی لەدەستدانی پۆستی سەرۆک کۆمار.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی کە دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کرد، سەرباری ئەوەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بەدوور نەزانی، بەڵام پێیوابوو بردنی ململانێکە بۆ نێو پەرلەمانیش عێراق ئەگەرێکی بەهێزە.

لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ململانێیانە، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتنی هێزە شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئارادا نیە، لەکاتێکدا خەریکە شەڕی نێوان هێزە شیعەکان لەپارێزگای میسانەوە هەڵدەگیرسێت، بەتایبەت شەڕی نێوان سەدریەکان و عەسایبی ئەهلی حەق.

سەبارەت بەو ئاڵۆزیانەی لە پارێزگای میسان سەریانهەڵداوە و چەند کەسێک کوژران، هێزە شیعەکان چەند وەفدێکیان ڕەوانەی پارێزگاکە کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ترسیان لەگەورەبوونەوەی ئاڵۆزیەکان و پەلکێشانی بۆ پارێزگاکانی تر هەیە.

نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند"ئاژاوەگێڕی نوستوو، نەفرەت لەوەی هەڵیدەگیرسێنێت، داواکارم لەو دوو وەفدەی چوونەتە پارێزگای میسان، ئاگری ئاژاوەگێڕی بوەستێنن."

لای خۆشیەوە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هەڵگیرسانی شەڕی شیعە بە شیعە یەکێکە لەو مەترسیانەی هەمیشە هێزە شیعەکان لێی ترساون، وتی"هێزە شیعەکان بە ئاشکرا باسی دەستی ناوخۆیی و هەرێمی دەکەن بۆ هەڵگیرسانی شەڕی شیعە بە شیعە، کە مەبەستیان لەهەرێمی، دراوسێکانی عێراق و ناوخۆش مەبەستیان لەو هێزانەیە لەگەڵ سەدر ڕێککەوتوون."

وتیشی"هێزە شیعەکان ناکۆکن، ڕای جیاوازیان بۆ شێوازی حوکمڕانی و داهاتووی حەشد هەیە، بۆیە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوانیان لە ئارادایە."

بەشێک لەچاودێرانیش بەدووری نازانن، ئەو کێشمەکێشانەی لە پارێزگای میسان لەنێوانیان دروستبووە، هێزە شیعەکان لەهەڵگیرسانی شەڕ بترسێنێت و جارێکی تر لەیەکتریان نزیک بکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر