پوتن ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی داگیرکردنی ئۆکرانیای دا و هەر لەو رۆژەوە تا ئەم سەروەختە چەندین هێرشی داگیرکاری کردۆتە سەر شارەکانی ئۆکرانیا و بە کیێفی پایتەختیشەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کاردانەوەی داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن رووسیاوە ڕایگەیاند کە پۆتن دەستدرێژی کردووە و جەنگی هەڵبژاردووە و ئەمەش زۆر لەسەر ڕووسیا دەکەوێت. هاوکات ئەمەریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ئوستوڕالیا و کەنەدا تێکڕا سزای ئابوری و سیاسی قورسیان سەپاند بەسەر کەرتی ئابوری و بازرگانی ڕووسیادا.
دەلیپ سینگ جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئابووری، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەی کۆشکی سپیدا گوتی ئەمەریکا لە درێژەی سەپاندنی سزاکانی بۆ سەر رووسیا بەهۆی داگیرکرکردنی ئۆکرانیاوە، سەرمایەی سێ بانکی دیکەی رووسیای بە کۆی 70 ملیار دۆلار سڕ دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەڕێوەبەرانی هەندێک لە بانکە ڕووسیەکان سزا درابوون.
سەبارەت بە بارودۆخی ئۆکرانیا و هەڵسەنگاندنی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئەو وڵاتە، ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمەریکا وتوێژێکی تایبەتی لەگەڵ پسپۆر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر ماکوان کامەلا سازکردووە کە دانیشتووی کیێفە لە ئۆکرانیا.
سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا دکتۆر ماکوان دەڵێت "هێرشەکان زۆر نزیکبوونەتەوە لە کیێڤ." بەڵام دەشڵێت "هەردوولا داوای ئەوەیان کردووە دانوستان بکەن، ڕووسیا ڕازیبووە کە لەگەڵ ئۆکرانیادا دانوستان بکات بە مەرجێک ئۆکرانیا چەک دابنێت."
هاوکات دەشڵێت "ڕووسیا هێرشی کردووە بۆ هەموو شارەکانی ئۆکرانیا، 80 پێگەی لەشکری ئۆکرانییان بۆردومان کردووە."
سەبارەت بە کوژراو و قوربانییەکانیش دکتۆر ماکوان دەڵێت "تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس کوژراون و بریندارەکان زۆرن لە خەڵکی سیڤیل و سەرباز و ژمارەیەکی زۆری پۆلیسی سەر سنورەکانی ئۆکرانیا کوژراون."
دکتۆر ماکوان باس لە بابەتێکی گرنگی سیاسی نێودەوڵەتی دەکات کە ڕووسیا هەنگاوی بۆ دەنێت و دەڵێت "ڕووسیا دەیەوێت سیستمی نێودەوڵەتی لە تاک جەمسەرییەوە بگۆڕێت دوو جەومسەری."
دەشڵێت "ڕووسیا نایەوێت یەکێتی سۆڤێتی جاران دروستبکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت ڕوسیایەکی بەهێز دروستبکات و بیکات بە جەمسەرێک بەرامبەر خۆرئاوا."
شایەنی باسە هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕوسیا ڕۆژی هەینی، دووهەم ڕۆژی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، لە دەرەوەی کیێڤ ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە لە کاتێکدا هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ دامرکاندنەوەی توندوتیژییەکان بەردەوام بوو و وڵاتانی ڕۆژئاوا توانستە بەرگرییەکانیان پتەوکرد.
سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی ئۆکرانیا بیستراوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس ڕادەگەیەنێت گرتەیەکی ڤیدیۆیی پشتڕاستی کردووەتەوە کە پارچەکانی ئاگری تەقینەوەکە لە کیێڤ نیشان دەدات.
بۆ گوێبیستی تەواوی چاوپێکەوتنەکە کرتە لەم فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە
Your browser doesn’t support HTML5