زیاتر لە نیو ملیۆن ئۆکرانی بەهۆی شەڕەکەوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە

سەرۆکی ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لەوەتای دەستپێکردنی داگیرکاری ڕووسیا لە ئۆکرانیا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ئۆکرانیاوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.

فلیپۆ گراندی سەرۆکی ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)لە تویتێکدا ڕایگەیاند " زیاتر لە 500 هەزار کەس لە ئێستادا لە ئۆکرانیاوە هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ."

پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ئۆکرانییەکان ڕوویان لە وڵاتانی پۆڵەندا، هەنگاریا، ڕۆمانیا، مۆڵدۆڤا و وڵاتانی تر کردووە. هەروەها گوتیشی حکومەتان و خەڵکی ئەو وڵاتانە پێشوازی لە پەنابەرەکان دەکەن.