ئەمەریکا باڵیۆزخانەکەی لە مینسک دادەخات

ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزخانەی خۆی لە مینسک داخست، هەروەها ڕێگەی بە کەسوکار و ئەندامانی خێزانی کارمەندە ئاساییەکانی باڵیۆزخانەکەیدا مۆسکۆ بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوام بوو، لە گەورەترین هێرشی دەوڵەتێک لە دژی دەوڵەتێکی تر لە ئەوروپا لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی"ئەم هەنگاوانەمان ناوە بەهۆی ئەو کێشە ئاسایشی و سەلامەتییانەی کە لە هێرشە ناڕەواکانی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دروستبووە."

وێنەیەک کە ڕۆژی دووشەممە جولی فیشەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە بێلارووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە، ستافی باڵیۆزخانەکە نیشان دەدات کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەر باڵیۆزخانەکە هێنایە خوارەوە و سەرجەم کارمەندەکانی ئەمەریکا بێلارووسیان بەجێهێشت.

ئەمەریکا باڵیۆزخانەکەی لە ئۆکرانیا لە کیێڤی پایتەختەوە بۆ شاری لێڤیڤی ڕۆژئاوا گواستەوە، دوو هەفتە پێش ئێستا کە هێزەکانی ڕووسیا لە سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆکرابوونەوە.

هاوکات ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە هێڵی ئاسمانی 36 وڵاتی لە بەکارهێنانی ئاسمانی ڕووسیا قەدەغە کرد، دوای ئەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا ڕۆژی یەکشەممە ئاسمانی وڵاتەکانیان بە ڕووی فرۆکە ئاسمانیەکانی ڕووسیادا داخست.

ئەمەریکا ڕەچاوی هەمان هەڵوێست دەکات، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، حکومەتی ئەمەریکا لە کۆتایی هەفتەدا داوای لە هاوڵاتیانی کرد بە زووترین کات ڕووسیا بەجێبهێڵن لە ڕێگەی گەشتە بازرگانییەکانەوە، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی هەڵوەشانەوەی گەشتەکاندا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز