وتوێژەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر سنووری بێلارووسیا هێشتا بەردەوامیان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ لە دوای چوار ڕۆژ لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بۆتەوە.
میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە گفتوگۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر سنووری بێلارووسیا دەستیپێکردووە.
سەرۆکایەتی ئۆکرانیا پێشتر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە شاندێکی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە سنوری بێلاڕووسیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئامانجی گفتوگۆکان گەیشتنە بە ئاگربەستێکی کاتی و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیایە لە ئۆکرانیا.
بەرپرسانی ئۆکرانی سەرەتا ئەم هەنگاوەیان رەتکردەوە چونکە بیلارۆس یارمەتی هێرشی ڕووسیای دەدا و گوتیان پێویستە دانوستان لە شوێنێکی تر ئەنجام بدرێت.
بێلاڕووسیا ڕێگەی بە ڕووسیادا کە ناوچەکەی خۆی وەک ناوچەیەک بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت.
ڕووسیاش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە شاندەکەی گەیشتوونەتە بیلارۆسیا بۆ ئەوەی چاوەڕێی گفتوگۆکان بکەن، پێش ئەوەی ئۆکرانیا بەیاننامەی پەسەندکردنی گفتوگۆکانی دەربکات.
زیلینسکی ڕایگەیاند کە شاندەکەیان پێکهاتووە لە ئۆلیکسی رێزنیکۆف وەزیری بەرگری و ڕاوێژکاری سەرۆک زیلنسکی میخایلۆ پۆدۆلیاک.
کرملن هەروەها گوتی نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتن پێشنیاری کردووە بۆ یارمەتیدان لە نێوەندگیری جەنگدا. هەرچەندە ئەو ئاشکرای نەکرد کە ئایا سەرۆک پوتن قبوڵی کردووە یاخود نا.
ڤلادیمیر مێدینسکی دانوستانکاری ڕووسیا گوتی ڕووسیا دەیەوێت لە وتووێژەکاندا بگاتە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.