ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری دەدات لە مەترسیەکانی دەزگای ناوکی لە ئۆکرانیا

ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری دا بە ڕووسیا کە شەڕی نزیک لە دەزگاکانی ناوکی دەتوانێت ببێتە هۆی ماڵ وێرانیەکی گەورە.

گرۆسی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕێبەرانی باڵای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە گوتی زۆر نیگەرانە لە بارودۆخی ئۆکرانیا.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەمجارە جەنگێکی سەربازی لە دەوروبەری دەزگاکانی ناوکیدا ڕوودەدات، کە لە ناویاندا کارگەی ناوکی چێرنۆبیل هەیە، کە یەکێک لە گەورەترین وێرانکارییەکانی جیهان لە ساڵی 1986 لەو شوێنە ڕوویدا.

گرۆسی داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد کە سەلامەتی و پاراستنی کارمەندانی دەزگای ناوکی مسۆگەر بکەن.

گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "زۆر گرنگە بۆ ئەو کەسە ئازایانەی لە دەزگا ناوکییەکان لە ئۆکرانیا کار دەکەن، کێشەکانیان چارەسەر بکەن لە ئاسایش و پاراستندا، بۆ ئەوەی بەبێ ترس، بەردەوام بن و بتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن."