مشتومڕ لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق سەرهەڵدەداتەوە

پەرلەمانی عێراق جارێکی تر دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق دەسەڵاتی دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ ئەو پۆستە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەرگرتەوە و دەسەڵاتەکەی دا بەپەرلەمان.

ڕۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق بە دەنگی 203 پەرلەمانتار دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە، لە کاتێکدا 62 پەرلەمانتار دژی بڕیارەکە دەنگیاندا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، جارێکی تر مشتومڕ لەسەر ئەو پۆستە سەرهەڵبداتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێشکەشکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون، گەر ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت، جارێکی تر کێشمەکێشەکە دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراق.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پارتی کاندید بۆ سەرۆک کۆمار پێشکەش دەکات و کاندیدەکەش ڕێبەر ئەحمەدە."

هەرچەندە پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختی لەسەر کاندیدکردنەوەی ڕێبەر ئەحمەد کردەوە لەلایەن حیزبەکەیەوە، بەڵام هەندێک زانیاری جیاوازیش هەن، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە ڕەنگە پارتی کاندیدەکەی بە فازڵ میرانی بگۆڕێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، تا ئێستا یەکێتی نیشتیمانیش پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا پارتی پێی ڕازی نیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"تا ئێستا بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی یە و هەوڵی سەرخستنیشی دەدرێت، بەڵێنیش بۆ دەرچوواندنی وەرگیراوە."

گرفتی گەورەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تەواو نەبوونی نیسابی یاساییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە پێشتر بەهۆی ئامادەنەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران، نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەواو نەکرا، بەڵام گەر پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، ڕەنگە ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئاسان بێت.

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی، وتی"هەوڵ هەیە بۆ ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر