ئەندازیارانی ڕووسیا ڕێژی تیشکدانەوەی بنکەیەکی ناوکی ئۆکرانیا هەڵدەسەنگێنن

کاربەدەستان ڕایانگەیاند، ئەندازیارانی ڕووسیا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی تیشکدانەوە، گەیشتوونەتە ئەو بنکە ناوکییەی ئۆکرانیا کە دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بووە هۆی نیگەرانی نێونەتەوەیی.

لە 4ی مانگی سێدا ڕووسیا لە هێرشێکدا زەپووریژیای داگیرکرد، کە گەورەترین بنکەی وزەی ئەتۆمی ئەوروپایە.

وادیارە سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشەکە ئاگر لە بنکەکە کەوتەوە بەڵام ڕیاکتەرەکانی زیانیان پێنەگەیشتووە.

ئاژانسی ناوەکی ئۆکرانی ئینێرگۆتۆم لە پەیامێکیدا لەسەر تەلگرام گوتی، بەرپرسانی کۆمپانیای ئەتۆمی ڕووسیا ڕۆساتۆم ڕۆژی هەینی گەیشتنە شوێنەکە.

ئینێرگۆتۆم دەڵێت ڕووسەکان بە کارمەندە ئۆکرانییەکانیان گوتووە "بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی تیشکدانەوە" و "یارمەتی چاککردنەوەی بنکەکە" کە گولە تۆپی بەرکەوتووە، لەوێن.

لە کاتی هێرشەکەدا باڵیۆزی مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتیکردەوە کە ڕووسیا ئەو بنەیەی تۆپباران کردبێت.

ئاژانسە ئۆکرانییەکە ڕایگەیاند ڕووسەکان خۆیان هاتوونەتە شوێنەکە چونکە کارمەندانی ئۆکرانی ڕەتیانکردەوە هاوکاریان لەگەڵدا بکەن.

سەرچاوە: فرانس پرێس / ڕۆیتەرز