ئەڵمانیا بەنیازە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف35ی ئەمەریکایی بکڕێت

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند سوپای ئەڵمانیا بە نیازی کڕینی 35 فرۆکەی جەنگی ئەمەریکاییە لە جۆری ئێف 35 هەروەها 15 فرۆکەی جەنگی لە جۆری یۆرۆفایتەر.

ئەو هەوڵە بەرفراوانەی ئەڵمانیا بۆ ڕێکخستنەوە و نۆژەندکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی وڵات و بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دێت.

جێی ئاماژەیە سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی بەرلین نیازی کڕینی نزیکەی 35 فرۆکەی جەنگی لە جۆری ئێف 35 هەیە بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوەی فرۆکە کۆنەکانی ئەڵمانیا لە جۆری تۆڕنەیدۆ.

ئەو فرۆکانەی ئەڵمانیا بە نیازە بیانکڕێت دەتوانن کڵاوەی ناوکی ئەمەریکایی هەڵبگرن.

بڕیارە لیژنەی کاروباری بەرگری ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە ساز بکات.

ئەڵمانیا بڕیارە ئەو فرۆکە جەنگییە ئەمەریکاییانە لە جۆری ئێف 35، بۆ گواستنەوەی موشەکی ئەتۆمی ئەمەریکایی بەکاربهێنێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرپەرچدانەوە، کە هاوپەیمانی ناتۆ جێبەجێی دەکەن.