موحەمەد حوسەین: بە پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق فرۆشتنی گازی هەرێم نا دەستوری و نایاسایی دەبێت

موحەمەد حوسەین توێژەری ئابوری سیاسی دەڵێت بەگوێرەی یاسا و دەستوری عێراقی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆی نییە گرێبەستی نەوت و گاز لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی جیهانی و نێودەوڵەتی واژۆ بکات لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.

لە ئێستادا مەسەلەی بە بازاڕکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بووەتە بابەتێکی گەرموگوڕ، بۆ ئەو مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە کەوتووەتە جموجوڵ وەک دەگوترێت بۆ فرۆشتنی گازی هەرێم، ئەو کارەی ناکۆکی و ململانێی توندی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی گەرم کردووە و لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ فرۆشتنی گازی هەرێمدا نییە.

بە ڕەچاوکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەوەی فرۆشتنی نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی بە نا دەستوری و نایاسایی ڕاگەیاند و گوتی هەرێمی کوردستان چیتر بۆی نییە سەروسەودای نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهانی بکات و دەبێت دۆسییەی نەوت و گاز ڕادەستی حکومەتی ناوەند بکات.

بەڵام وێڕای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەبینین لە دوای ئەو بڕیارەشەوە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بەردەوام بووە لە فرۆشتنی نەوتی خۆی. هەربۆیە گونجاوە کە بپرسین نەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دەستوری هەتا ئێستا بەرامبەر حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای دەستوری دەبێتە هاندەری ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ گوێدان بە حکومەتی بەغدا دەست بە فرۆشتنی گازی هەرێم بکات.

موحەمەد حوسەین توێژەری ئابوری سیاسی دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لە سەرتاوە بە شێوەی یاخیبوون دەستی بە فرۆشتنی نەوت کرد و هۆکاری ئەوەش وەک دەڵێت چونکە دامودەزگاکانی حکومەتی ناوەند لاوازن.

ئایا لە ئەگەری فرۆشتنی گازی سروشتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراق فەراهەم دەکات یان نەهامەتی وەک ئابوری سەربەخۆ کە بینیمان؟

موحەمەد حوسەین لەو بارەیەوە دەڵێت بەڵێ هەمان سیناریۆی ئابوری سەربەخۆی بۆ فرۆشتنی گازیش دووبارە دەبێتەوە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی نییە و دەربەستی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانەکەی نییە.

لە جیهانی ئەمڕۆدا سەرچاوەکانی وزە هەر تەنها چەکێکی ئابووری نییە بەڵکو سیاسیشە. کەواتا ئایا لە حاڵەتی بەرجەستەبوونی فرۆشتنی گاز لەلایەن هەرێمی کوردسانی عێراقەوە چی کاردانەوەیەکی جیهانی و هەرێمی بە دوای خۆیدا دەهێنێت بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی هەرێمیەوە و بە تایبەتریش لەلایەن ئێرانی هاوپەیمانی ڕووسیاوە.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێت چاوەڕوان بین، هەتا ڕۆژگار وەڵامی ئەم پرسیارانە و ئەم ئەگەرانە لە ئایندەدا بداتەوە.

بۆ درێژەی گفتوگۆکە کرتە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە بکە

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد حوسێن توێژەری ئابوری سیاسی