ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە 99%ی خەڵکی جیهان هەوای ناپاک هەڵدەمژن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت ساڵانە 13 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بە هۆکارە ژینگەییەکان گیان لەدەستدەدەن، لە ناویاندا ڕێژەی 7 ملیۆن لە حاڵەتەکانی مردن بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە.

ڕێکخراوەکە داوا دەکات بەکارهێنانی خەڵوزی بەردین وەکو سەرچاوەیەکی وزە سنورداربکرێت و وڵاتان هەنگاوی کرداری بنێن بە تایبەت لە بواری وزەی پاک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پیسبوونی هەوا.

سۆفی گەمی، بەرپرسی تەنکنیکی لە بەشی ژینگەی ڕێکخراوی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا کە خراپترین ئاستەکانی هەوا لەو وڵاتانە تۆمارکراون کە دەکەونە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئافریکا.

ڕاشیگەیاند، "لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو 7 ملیۆن کەسانەی بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەمرن لەو وڵاتانەن کە خاوەن ئابوری لاواز یا مامناوەندن. ئەمە واتای ئەوە نییە کە وڵاتانی داهات بەرز کاریگەرییان لەسەر نییە. هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری پیسبوونی هەوا تەنها پشتمان بەستووە بە ئامارەکانی گیان لەدەستدان، بەڵام ئاگاداری ئەوەین کە پێویستە ئاماژە بە لێکەوتە تەندروستیەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر جەستە و ئەو هەموو نەخۆشیانە بکرێت."

ڕێکخراوەکە دەڵێت پاشماوەکانی پیشەسازی مرۆڤ کە بە هەوادا بڵاودەبنەوە بە قوڵی دەچنە ناو سییەکانی مرۆڤ و لەوێوە دەگوازرێنەوە بۆ خوێن. ئەو مادانە دەبنە هۆی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک و چەندین نەخۆشی بۆ سیستەمی هەناسە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا