ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: ناوی مردووان لەتۆماری دەنگدان و دەنگدانی مردووان لەهەڵبژاردندا بووەتە فۆلکلۆر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئاشتکردنەوەی خەڵک و متمانە دروست کردن لایان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، پێویستی بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە لەناوی مردووان.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت"بنەمای ڕێککەوتنی جیای یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی، تێپەڕاندنی ئەو مەسەلانەیە بە سازان و تەوافق کە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە، یەکێتی و گۆڕان وەکو دوو هێزی سەرەکی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون، بۆیە پێویستە پێوەی پابەندبن."
ستران عەبدوڵا ڕوونیشیکردەوە، بە تۆماری ئێستای دەنگدەران و یەک بازنەیی هەڵبژاردن و تێپەڕینی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن، ناتوانرێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت، کە جێی متمانەی خەڵک بێت، وتی"خۆ پارتی ئێستا 45 کورسی هەیە و هەموو شتێکی بەدەستە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بچێتە پێشەوە، باڵانسی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئێمە نامانەوێت ئەم گۆڕانکاریە بەزۆر بێت، دەمانەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت."
ستران عەبدوڵا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی و دیموکراسی، دۆزینەوەی دەرەچەی یاسایی و دیموکراسی بەپێویست دەزانێت، دەڵێت"لەکوردستاندا و دەنگدانی مردوان لەهەڵبژاردن دا بووەتە فۆلکلۆر، خەڵک دەڵێن مردووەکانیش دەنگ دەدەن، یان کۆمەڵێک دەستەواژەی وەکو پارتی لە هەڵبژاردن لەچین دەباتەوە، یاخود هەموو کوردێک پارتی بوونێک قەرزارە، ئەمانە بوونەتە بەشێک لە فۆلکلۆری سیاسی و لەخۆرایی نەهاتوون، تەنانەت پارتیەکانیش بۆ گاڵتە دەیڵێنەوە، بۆیە پێویستە ئەمانە چارەسەر بکرێن و چارەسەر کردنیشیان ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی پاک و بێگەردی دەوێت."
مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەنجامدانی هەموو هەڵبژاردنێک، هاوشێوەی ئەزموونی بەغدا، جێبەجێکردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن پێویستە، وتی"دانانی یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عێراق، دەرئەنجامی ئەو کەم و کوڕیانەبوو کە لەیاسای پێشووتر هەبوون، خەڵک خۆپیشاندانی لەدژ ئەنجامدا، بۆیە پێویستە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بخرێتە نێو پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیەوە، تا خەڵکی ناڕازی بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان."
سەبارەت بە دەرئەنجامی کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ستران عەبدوڵا بەپێویستیزانی پارتی کە خۆی بەزۆرینە دەزانێت، گوێ لە ڕای هێزە سیاسیەکانی تر بگرێت، کە ئەو هێزانە بریتین لەیەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، وتی"ئەم هێزانە ڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بەجۆرێک ئەنجام بدرێت، خزمەت بەپرۆسەی دیموکراسی بکات، پارتی ڕێگری دەکات و نایەوێت هەڵبژاردن گوزارشت لە خواستی خەڵک بکات، ئەمەشیان بردووەتە ئەو قاڵبەوە، گوایە ئەوان هەڵبژاردن دەکەن و خەڵکی تر نایکات، لەکاتێکدا هەموو لایەنەکان لەگەڵ هەڵبژاردندان، بەڵام لەهەل و مەرج و ڕێوشوێنی باشدا."
بەبڕوای مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی، ئیدارەدانی ناکۆکیە سیاسیەکانی هەرێم پێویستە، لەکاتێکدا هەندێک لایەن وانیشانی دەدەن، گوایە ناکۆکیەکان سەردەکێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵام وەک ستران عەبدوڵا دەڵێت"یەکێتی ناهێڵێت جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، نەک تەنها یەکێتی، تێکۆشەران و هەموو لایەنەکان قەبوڵ ناکەن ململانێی سیاسی سەربکێشێت بۆ شەڕ و ئاژاوە، بۆیە ئیدارەدانی سیاسی ناکۆکیەکان پێویستە."
جەختیشیکردەوە"پێویست ناکات خەڵک لە هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ بترسێ، دەبێت ڕێگە بەبیروڕای جیاواز بدرێت، دەبێت گەشەی دیموکراسی ببێتە ئەنجامی ناکۆکیە سیاسیەکان، کارێکی خراپە گەر ناکۆکیە سیاسیەکان چارەسەر نەکرێن، کارێکی باشیش نیە، ئەم ناکۆکیانە بۆ بەزۆر سەپاندنی ویستەکانمان و ئیفلیج کردنی پرۆسەی سیاسی بەکاربهێنین."
سەبارەت بە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەبەغدا، ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسیلەوەکرد، عێراق لەسەر بنەمای تەوافقی سیاسی دامەزراوە، ئەم تەوافقە بۆ ئەو وڵاتانە گرنگن کە زیاد لە نەتەوەیەک و پێکهاتەیەک و مەزهەبێک تێیاندا دەژین،نابێت وڵاتە فرە پێکهاتەکان بەو وڵاتانە بەراورد بکرێن کە هیچ کێشەیەکی دیموکراسیان نیە، وتی"دیموکراسی تەوافقی بنەمای پرۆسەی سیاسی عێراقە، بنەمای پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە، گەرنا شیعە بەتەنها، یاخود شیعە و سونە پێکەوە دەتوانن زیان بەمافەکانی گورد بگەیەنن."
وتیشی"پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دەستورەکەی زیاتر لە فلتەرێکی تێدایە، تا زۆرینەی سادە نەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکان، ئەو فلتەرانە بۆ پاراستنی تەوفقی سیاسین، دەبێت کورد پێش هەموو لایەک بەرگری لە تەوافقی سیاسی بکات، نەک لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماردا، هەموو ئەو خواستانە هەڵبوەشێنرێتەوە کە سەد ساڵە کورد کاری لەسەر دەکات."
Your browser doesn’t support HTML5