وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گەشبین نییە بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران

ئانتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گەشبین نییە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ NBC کە چوارشەممە پەخش کرایەوە گوتی "سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان لە پێناو زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران، بەڵام من زۆر گەشبین نیم سەبارەت بە ئەنجام گەیشتنی ئەو ڕێککەوتنە."

لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئەم مانگە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، ئانتۆنی بلینکن جارێکیتر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەرفەتی زۆر نەماوە و کاتەکە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ڕێککەوتنەکە بەرەو کۆتایی دەچێت، گوتیشی "لەم بارەیەوە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژدا کە لە وڵاتی بەلجیکام بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپادا دەکەم."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنەکەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان لادەبرێت یان نا خۆی بە دوور گرت و وەڵامێکی ڕوونی نەدایەوە.

لە گەشتەکەی بلینکن بۆ برۆکسل، ڕاب ماڵی سەرۆکی دانوستانکاری ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادایە.

جێی ئاماژەیە کە گوتەبێژی کۆشکی سپی دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە تاران هۆکاری وەستاندنی گفتوگۆکانە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.

جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی5ی ئەم مانگە گوتی "ئەگەر ئێران مەرجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان قبوڵ بکات و ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی ئێمەدا بگونجێت، ئەوا ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ناو ڕێککەوتنەکە" و گوتیشی "ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیەننادا هەندێ داواکاری بێ بنەمای هەبووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە نەبووە."

لێدوانەکەی گوتەبێژی کوشکی سپی دوای ئەوە بوو کە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێشتری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا ڕایگەیاندبوو "ئەگەر کۆشکی سپی ڕاستییەکان لەبەرچاو بگرێت و بە دروستی هەڵسوکەوت بکات، ئەوا ڕێککەوتنەکە دەتوانێت بگاتە ئەنجام."

گفتوگۆکان لە ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 بەهۆی پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە ڕیزبەندی تیرۆری ئەمەریکا ڕاگیراوە.