مونا قاوەچی: پێکهاتەکان لەگەڵ ئەو لایەنەدان کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی و مافی پێکهاتەکان دەپارێزن

پەرلەمان

ناکوکی لەسەر کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق هەیە و بەشێک لە پەرلەمانتاران داوا دەکەن کە کورسی کۆتایی پێکهاتەکان بە جۆرێکی تر لەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێنەوە، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش کە لە پێکهاتەی تورکمانەکانە ئاشکرای دەکات لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر ژمارەی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان سەرووی 350 هەزارن و لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش ژمارەکەیان لە 2500 کەس تێپەڕ ناکات.

بەشێک لە سیاسی و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن کە یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواربکرێتەوە و هەڵبژاردنەکان لەبری یەک بازنەیی بکرێنە فرە بازنەیی و بەشێک لە کاربەدەستان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە ناکوکی و ڕای جیاوازیان هەیە، کە هێشتا هیچ سازان و رێککەوتنێکیان لەسەر نەکردووە.

مونا قاوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی عێراق کە لە پێکهاتەی تورکمانەکانە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان و پڕوسەی سیاسی هەرێمی کوردستان کۆتاکان زۆر سودمەندبوونە بەڵام بەداخەوە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە پێشکەشکردنی ئـەم پڕۆژە پێشنیازە یاسایەی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە هیچ شێوازێک لە بەرژەوەندی پێکهاتەکاندا نیە وەکو پێکهاتەکانی ئەرمەن، کلدان، سریان، ئاشوری و تورکمانەکان لەبەر ئەوەی بەپێی میزاجی حزبی و بەپێی بەرژەوەندی پارێزگا ئەم کۆتایە دابەشکراوە."

سکرتێری پەرلەمان زیاتر دەڵێت " ئێمە وەکو کۆتاکان هیچ کاتێک مەترسی نەبووین لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەمیشە پڕۆسەی دیموکراسیەت بە شێوازێک پیادە کراوە کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە کوردستاندا پارێزراوە، ئێمە وەکو تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستاندا قورساییمان زیاتر لە شاری هەولێرە پێکهاتەکان چی لە پەرلەمان یان لە دەستەی سەرۆکایەتی یاخود وەکو فڕاکسیۆنی چاکسازی تورکمانی پێداگیری لەسەر یاسا کۆنەکە دەکەینەوە کە یاساکە وەکو خۆی بمێنێتەوە و فرە بازنەیی هیچ لە بەرژەوەندی پێکهاتەکانی کوردستاندا نییە."

لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە لە پێکهاتەی تورکمانە دەڵێت" ئێمە بەهیچ شێوازێک لەگەڵیدا نەبووین و لە یەکەم کۆبوونەوەش وەکو فراکسیۆن بەشداریمان کردووە و ڕاو بۆچوونی خۆیشمان ڕاگەیاندووە کە چی ئـەم هەموارە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکانە و ئەو لایەنە سیاسیەشی کە دەیەوێ هەڵبژاردنەکان دوابخرێت با پێکهاتەکان نەکەنە بەربەست دروستکردن و ناشرینکردنی سیمای چونکە بەداخەوە بەشێک لە خەڵکی کوردستان وا تێگەیشتوون کە پێکهاتەکانن لە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورە و گرفت دروست دەکەن، بەپ ێچەوانەوە پێکهاتەکان هەمیشە ڕۆڵێکی ئیجابیان هەبووە هەمیشە ڕوڵیان هەبووە بۆ بەرقەراربوون و پاراستنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان و لە هەموو پرسە نیشتیمانیەکان پێکهاتەکان هەمیشە ڕێزیان لە بنەمای دیموکراسیەتی هەرێمی کوردستانیش گرتووە."

دەگوترێت زۆر جار پێکهاتەکان لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دیاریکراودان و لەو ململانێ و ناکوکیانەی هەرێمی کودستان لایەنگیریان بۆ لایەنێکی دیاریکراو کردووە.

مونا قاوەچی گوتی " هیچ کاتێک نەبووە و پێویستیش ناکات پێکهاتەکان ببنە لایەنگیری هیچ لایەنێک بەڵام پێکهاتەکان لەگەڵ ئەو لایەنەیە کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی و مافی پێکهاتەکان دەپارێزن و پارێزەری لە مافی پێکهاتەکان دەکەن، هیچ لایەنێک بە ئێمەی نەوتووە لایەنگیرمان بن و پێویستیشیان نییە پێکهاتەکان لایەنگیر بن چونکە هەر حزبێکی سیاسی کوردستانی پێگەی جەماوەری خۆی هەیە."

لە ماوەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 1ی مانگی 10ی 2022ی دیاریکردووە بۆ ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن یاخود دوا دەخرێن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری