یونسکۆ: زۆربەی بکوژانی ڕۆژنامەنووسانی جیهان سزا نەدراون

لە دواین ڕاپۆرتیدا، رێکخراوی پەروەردە، زانست و کلتوری نەتەوە یەکگرتووەکان (ناسراو بە یونسکۆ) دەڵێت لە هەر 10 کەیس 9 کەیسی کوشتنی رۆژنامەنووسان نەگەیشتۆتە چارەسەری یاسایی و بکوژەکان سزا نەدراون.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە (3/5) رێکخراوی یونسکۆ لە وڵاتی ئۆرۆگوای رۆژی سێ شەممە کۆنفرانسێک ساز دەکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو رێوشوێنانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان لە جیهان. بەڕێوبەری کاتی دەنگی ئەمریکا یۆڵاندا لۆپێز یەکێک دەبێت لە بەشداربووە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە.

"وەکو قسەکەرێکی سەرەکی کۆنفرانسەکە، باسی ئەو شوێنانە دەکەم کە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و رۆژنامەنووسەکانی ئێمە بوێرانە تیایدا خزمەت دەکەن."

کۆنفرانسەکەی یونسکۆ چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی رۆژنامەنووس ڤیرا هیریچ دێت کە کاری بۆ رادیۆی ئازادی ئەوروپا (رادیۆ لیبریتی) دەکرد کە کەناڵێکی دەستەخوشکی دەنگی ئەمەریکایە.

لەم ڕۆژەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان کەمپەینێکیان لە سۆشیاڵ میدیا ڕاگەیاندووە بۆ سوپاسکردنی رۆژنامەنووسان لە رووماڵکردنی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.