سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باکووری سوریا  نوێ دەکاتەوە

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، رۆژی چوارشەممە هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر دوو ناوچەی باكووری سوریا دووبارە كردەوە، كە بە وتەی خۆی ئەو چەكدارە كوردانە دەكاتە ئامانج كە بە "تیرۆریست" ناوزەدیکردوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەنگاوێکی دیکە دەنێین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوی 30 کیلۆمەتری بەدرێژایی سنووری باشوورمان. ئێمە تەل ڕفعەت و مەمبج پاک دەکەینەوە".

گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە " هەسەدە ماوەیەکە چاوەڕوانی ئەگەری هێرشێکی کردووە."

فەرهاد شامی دەڵێت " لە ئەگەری هێرشێکدا شەڕمان دژی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی رادەگرین و دەست بە رێوشوێنی سەربازی دەکەین دژی داگیرکاری تورکیا".

ئانکەرە لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە ئەنجامدا، لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و ڕژێمی سوریا و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە.

تورکیا یەپەگە بە گروپێکی تیرۆریستی دەزانێت کە بە وتەی ئەوان پەیوەندیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ەوە هەیە، کە پارتێکی قەدەغەکراوە و لە ساڵی 1984 ەوە یاخیبوونێکی چەکداری لە دژی تورکیا بەرپاکردووە.

بەڵام یەپەگە بڕبڕەی پشتی هێزەکانە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە شەڕی دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە سوریا. ئەمەریکا سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکانی پێشووی تورکیای بۆ سەر ئەو ناوچانە کردووە.