ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم بە شەفافترین کابینە، بەراورد بە کابینەکانی تری حکومەت ناودەبات، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە، پەرلەمانی کوردستان پیشەییانە بە ئەرکی خۆی هەستاوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان کەریم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دەڵێت"گەر سەیری وێبسایتی پەرلەمانی کوردستان بکەین، بەراورد لەگەڵ چوار خولەکەی تری پەرلەمان و کابینەکانی تری حکومەت، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم شەفافترین کابینەبووە لە مێژووی حکومەتەکانی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، هەروەها زۆرترین وەزیرەکانی هاتوونەتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوەی تەواویان لەسەر ئیش و کارەکانیان داوە، سەیرکردنی وێبسایتی پەرلەمان، دەریدەخات ئەم کابینەیەی حکومەت چەند هاوکاری پەرلەمان بووە."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیکردەوە، لەسەردەمی ئەم خولەی پەرلەمان دا، چەندین قەیرانی یەک لەدوای یەک بەرۆکی هەرێمی گرتووە، لەوانە قەیرانی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، هەروەها ئەو قەیرانە سیاسیەی عێراقی گرتووەتەوە، کاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبووە، وتی"خۆشبەختانە ئێستا کەشێکی سیاسی گونجاو هەیە، پەرلەمان هەمووکات هاوکاری حکومەت بووە لەڕووی ئەو پێشنیارانەی بۆی ناردووە، پەرلەمان کاری خۆی بەباشی کردووە، لەوانەیە هەندێکجار کوتلەکان بکەونە ژێر کاریگەری حیزبەوە و هەندێ گرفت بۆ پەرلەمانیش دروست بووبێت، ئەوە شتێکی ئاساییە و لەزۆربەی وڵاتان بوونی هەیە."
ئەمەش ببینە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: ساردی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو فراکسیۆنیش هەبووە
دەربارەی هۆکاری نەناردنی پرۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان و تۆمەتبارکردنی حکومەت بە شاردنەوەی زانیاری لەپەرلەمانتاران، شوان کەریم وتی"حکومەت کاتێک پرۆژەی بودجە بۆ پەرلەمان دەنێرێت، دەبێت داهاتێکی دیاریکراوی هەبێت و بەرچاوی ڕوونبێت،8 ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی بڕی، لەبودجەی ساڵانەی عێراق شتێک نییە بەناوی بودجەی هەرێم، ئەو پشکە بودجەش هەیە زۆربەی مانگەکان دوایخستووە، ساڵ هەبووە 5 یان 7 جار بودجە لەبەغداوە هاتووە، 80%ی ئەو داهاتەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەستی دەکەوێت بۆ موچەیە."
جەختیشیکردەوە"هەرێم پشتی بەداهات بەستووە،دەبێت تا 25 ی مانگ چاوەڕێ بکەین، بزانین داهاتمان چیە، نرخی نەوت بەرز و نزم دەکات، داهاتی سنورەکان گۆڕانکاریان بەسەر دێت، بۆیە حکومەت بەرچاوی ڕوون نییە، گەر داهات نەبێت، تۆ چ دەکەی."
دەربارەی کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی و هەبوونی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی، شوان کەریم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی وتی"یەکێتی و پارتی دوو هێزی سەرەکی حوکمڕانی هەرێمن، سارد و سڕی نێوانیان، ڕەنگدانەوەی لەناو حکومەت و پەرلەمانیش دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خیتابی سیاسیمان یەکگرتوو نەبێت، یاخود دەبێتە هۆی دەستوەردان لەحکومەت و وادەکات حکومەت نەتوانێت بەباشی خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، گرژی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانیش دەبێت."
Your browser doesn’t support HTML5