زانیاری لەسەر هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق و داخستنی دەرگاکان لە بەردەم سەدردا

لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق دا، لە کۆی (73) کورسی بە تاڵی سەدرییەکان، (64) کاندیدی شوێنگرەوە سوێندی یاساییان خوارد، (9) پەرلەمانتاری شوێنگرەوەش ئامادەنەبوون و کورسییەکانیان بە بەتاڵی مایەوە، تا ئەوکاتەی لە دانیشتنێکی تری پەرلەمانی عێراق دا پڕدەکرێنەوە.

هۆکاری پڕنەکردنەوەی (9) کورسی یە بەتاڵەکە

لە پاڵ ئامادەنەبوونی (9) کاندیدی شوێنگرەوە و مانەوەی کورسییەکانیان بە بەتاڵی، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش بە بەتاڵی مایەوە، کە پێشتر حاکم زاملی سەرکردەی دەست لەکارکێشاوەی ڕەوتی سەدر لەو پۆستەدا بوو.

لە بارەی هۆکاری سوێند نەخواردنی ئەو (9) کاندیدی شوێنگرەوە، شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"6 کاندیدیان سەربە ڕەوتی سەدرن، مانگێکیان بۆ دادەنرێت، گەر ئامادەنەبن، دواتر ناوی کاندیدی تر لە جێگەیان بۆ پەرلەمان دەنێردرێت."

سەبارەت بەهۆکاری پڕنەکردنەوەی شوێنی حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی سەرۆکی پەرلەمان، سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لەبەغداوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونی یەکەم ئەوەیە، هێشتا لایەنە شیعەکان لە نێو خۆیان دا لەسەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە یەکلا نەبوونەتەوە، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە، نایانەوێت هەموو شتەکان بەخێرایی ئەنجام بدەن، تا ڕەوتی سەدر ئیستیفزاز نەبن."

داخستنی دەرگاکان بە ڕووی سەدردا

پڕکردنەوەی کورسی یەکانی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، بە واتای داخستنی هەموو دەرگاکان بەڕووی ڕەوتی سەدر لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا سەدر خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و هێزێکی ئامادەی گوێ ڕایەڵی شەقامە، بەڵام هێشتا سەدر تەماشاکەرە.

ڕەوتی سەدر جگە لەوەی خاوەنی 73 کورسی پەرلەمان و خاوەنی هێزێکی گەورەی شەقامیشە، هەروەها خاوەنی هێزی چەکداری تایبەت بە خۆشیەتی، کە بریتی یە لە هێزی سەرایەسەلام، کە ئەم هێزە لە ژێر فەرمانی خودی موقتەدا سەدردا دەجوڵێتەوە.

هێزە شیعە ڕکابەرەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرباری پڕکردنەوەی کورسی یەکانی ڕەوتی سەدر، بەڵام لە مەسەلەی مامەڵەکردن دا لەگەڵ سەدر هاوڕانین، بەشێکیان توندترن و بەشێکیشیان ترسیان لە کاردانەوەی سەدر هەیە و نایانەوێت "ئیستیفزاز"ی بکەن.

مالیکی و خەزعەلی کە ناکۆکن لەگەڵ سەدردا، لە باڵە توندەکەن بەرامبەری، بەڵام هادی عامری و عەمار حەکیم نەرمترن و نایانەوێت کارێک بکرێت کاردانەوەی سەدری لێبکەوێتەوە، بەتایبەت لە ئێستادا باس لە پەنابردنی سەدر بۆ شەقام و هەوڵەکانی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکرێت.

هەرچەندە نوری مالیکی نەیاری موقتەدا سەدر خواستی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقی هەیە، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعەکان نایانەوێت ئەو پۆستە بۆ ناوبراو بێت و لەو ڕێگەیەوە سەدر توڕەتر ببێت.

کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەو مەسەلانە لە ئارادان، هەندێک لایەنی شیعە نایانەوێت کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکرێت، سەدر پێی ئیستیفزاز ببێت."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ژمارەیەک ناو لە ئارادان وەکو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام تازەترین ناو کە لەنێو لایەنە شیعەکان دا گفتووگۆی لەبارەوە کراوە و یەکلایی نەکراوەتەوە، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقە.

لە کاتێکدا ڕەوتی سەدر چاویان لەسەر کەم و کوڕیەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق و جوڵاندنی شەقام و خستنی حکومەتەکەیە، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش دەیانەوێت حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوەیەک بێت، هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن، تا سەدر بەتەنها بمێنێتەوە و هیچی پێنەکرێت.

لە وتاری ئەمڕۆی سەرۆک فراکسیۆنەکاندا کە لەلایەن دەوڵەتی یاساوە خوێنرایەوە، جەخت لەسەر بەهێزی حکومەتی داهاتووی عێراق و خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش کرایەوە.

سەرۆک کۆمار و ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی

لایەنە شیعەکان لە پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی نزیک بوونەتەوە، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکنەکەوتوون، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی دەرفەتێکی کەمیان لەبەردەم دا ماوە، بەو پێ یەی سەرۆک کۆمار کاندیدی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، تا ئێستا بەرهەم ساڵەح کاندیدی یەکێتی و ڕێبەر ئەحمەدیش کاندیدی پارتی یە، بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستەش دوو سیناریۆ لە ئارادان، ڕێککەوتنی ئەو دوو حیزبە لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو، یاخود هەریەکەیان بەجیا و بەکاندیدی خۆیانەوە بچنە نێو پەرلەمانەوە.

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بەدەنگی ئەمەریکای وت"لەیەکترتێگەیشتن هەیە، پێموانیە پۆستی سەرۆک کۆمار ببێتە کێشە، بەڵام تا ئێستا کاندیدی پارتی ڕێبەر ئەحمەدە، یەکێتیش کاندیدی خۆی هەیە، گەرچی من پێموانیە دکتۆر بەرهەم ببێتەوە بەسەرۆک."

لای خۆشیەوە کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، وتی"یەکێتی و پارتی کاتیان کەم لە پێش ماوە، دەبێت لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون."

پارتی لە حکومەتی زۆرینەوە بۆ تەوافق

پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، کە تێیدا کورسی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر پڕکرایەوە و وەکو پەرلەمانتارێکی ئەو حیزبە ئاماژەی بۆ دەکات، بەمەرج بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە هاوپەیمانێتی یان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی هەبووە، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی یە سێ قۆڵیەکە، دەستبەرداری حکومەتی زۆرینەبوو، گەڕایەوە بۆ مەبدەئی تەوافق.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بە ڕێککەوتن بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانمان کرد، بەو مەرجەی مەبدەئی تەوازن و تەوافق و شەراکەت بپارێزرێ، هەروەها یاسای نەوت و گاز لە حکومەتی داهاتووی عێراق بکرێتە کاری سەرەکی."

سەبارەت بە ڕازیبوون بەمەبدەئی تەوافق و پاشەکشەکردن لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، شوان محەمەد وتی"عێراق لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەت دروستبووە، عێراق لایەنێک نیە بەتەنها، ئەمەش لەبەرژەوەندی هەرێمە."