ئێران دەڵێت دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا دەستپێدەکاتەوە

ئێران ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند دانوستانه‌ ناڕاسته‌وخۆکانی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریکا له‌م هه‌فته‌یه‌دا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 له‌ وڵاتێکی که‌نداو ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه‌.

جۆزێف بۆرێل، دیپلۆماتکاری باڵای یەکێتی ئەورووپا ڕۆژی شەممە لە تاران ڕایگەیاند کە ئەم دانوستانانە جیا لە دانوستانە بەرفراوانەکانی ڤیەننا بەڕێوەدەچێت.

سه‌عید خه‌تیب زاده‌ گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند دانوستانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سزایانه‌یه‌ كه‌ لە لایەن واشنتنەوە بە سه‌ر تاراندا سه‌پێندراون و گوتیشی له‌ ڕۆژانی داهاتوودا و له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا دانوستانەکان له‌ وڵاتێكی كه‌نداوی فارس به‌ڕێوه‌ده‌چن.

ئێران و ئەمەریکا لەوەتەی سەرۆک جۆو بایدن هاتۆتە سەر دەسەڵات، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەستپێکردوە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.

بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکان، تاران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018دا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و وکۆمەڵێک سزای ئابووری قورسی بە سەر ئێراندا سەپاند.

لە ساڵی 2019ەوە، ئێرانیش بە پێشێلکردنی چەندین کۆتوبەندی بنەڕەتی ڕێککەوتنەکە وەڵامی دایەوە، وەک پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرزی پاکژتر، نزیکتر لەو پلەیەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاردێت.

خەتیب زادە گوتی ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکەن پەیوەندی بە پرسی ناوکییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە جیاوازییە هەنووکەییەکانەوە هەیە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان گوتی "هیوادارم لەم وتووێژانەدا ئەنجامی ئەرێنی دەستەبەر بکەین."

گوتیشی "ئەگەر واشنتن ئامادە بێت ئەوا دەتوانین بە خێرایی کارەکان ئەنجام بدەین و تۆپەکە لە یاریگای واشنتدایە."

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی نێوان ئێران و زلهێزەکان بەهۆی پێداگری ئێرانەوە بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمەریکا لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە ڕاگیرابوون.

هەروەها لە میانەی وتووێژەکانی ڤیەننا ئێران چەندین جار داوای گەرەنتی ئەمەریکای کردبوو کە جارێکیتر لە ڕێککەوتنەکە وەک سەردەمی ترامپ نەکشێتەوە.

دوای وتووێژەکانی ڕۆژی شەممە لە تاران، بۆرێل گوتی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە.

ناوبراو گوتیشی دانوستانه‌ دوو قۆڵییه‌کانی ئه‌مەریکا و ئێران به‌ جیا له‌ وڵاتێکی که‌نداو به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ دانوستانه‌ فراوانه‌کانی ڤیه‌ننا تێکەڵ نەکرێن.

نە بۆرێل و نە خەتیب زادە ئاماژەیان بە ناوی ئەو وڵاتەی بڕیارە تێیدا دانوستانەکان بەڕێوەبچێت نەکرد.

ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 کە بە بەرجام ناسراوە، کاتی خۆی لە وڵاتی عومان بە ئەنجام گەیشتووە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمەریکادا هەیە.

سەرچاوە: فرانس پرێس