موقتەدا سەدر پەیامێکی توند لەسەر هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر قەزای زاخۆ ڕادەگەیەنێت

پاش هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەیەکی گەشتیاری سەر بە قەزای زاخۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی توندی بڵاو کردەوە و تیایدا چەند پێشنیازێکی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان گرتووەتە لەناویاندا کەمکردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیادا و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.
موقتەدا سەدر کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سیاسەتی عێڕاقدا هەیە و لایەنەکەی زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەدەستهێنا دەڵێت "تورکیا واده‌زانێت عێراق ناتوانێت وه‌ڵامی بداته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی لاواز سەکۆنەی بکرێت."
سەدر چەند پێشنیازی خستووەتەڕوو کە بریتین لە لەمانە
١. نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ توركیا كه‌مبكرێته‌وه‌.
٢. داخستنی هەموو فرۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ زه‌مینییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا.
٣. به‌رزکردنەوەی سکاڵا بە شێوەیەکی فەرمی لەلای نەتەوە یەکگرتووەکان‌.
٤. هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئاسایشییەکان لەگەڵ تورکیادا.
مووقتەدا سەدر ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا دەکات ئەو سزایانە لەسەر تورکیا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی ئەنقەرە بەڵێنی دەدات کە بۆ هەر هێرشێکی بۆسەر خاکی عێراق، پێشوتر بەغدا ئاگادار بکاتەوە و مۆڵەتی لێوەربگرێت ئەگەر هەڕەشە لە نزیک سنورەکانی هەبێت دەشڵیت "هێرشکردن بۆ سەر پارێزگاکانی باکور و هەرێم لە ناوەوە و دەرەوە چیتر قبوڵ ناکرێت".


ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا لە سەیرانگایەکی نزیک گوندی پەرەخێ لە ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەلایەنی کەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکە برینداربوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان سەرجەم قوربانییەکان گەشتیاربوون و لە بەغداوە سەردانی ناوچەکەیان کردبوو. تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی لە باکووری عێراق ئەنجام دەدات و بە بەشێک لە هەڵمەتێکی درێژخایەن لە عێراق و سوریا دژی چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە ناودێری دەکات کە ئانکەرە بە تیرۆرستیان دادەنێت و دەڵێت مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.