ئایا تورکیا بەبێ ڕەزامەندی ڕووسیا و ئێران هێرش دەکاتە سەر کورد لە سوریا؟ 

تورکیا سەرلەنوێ هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر کوردانی سوریا دەکات، بەڵام ئەگەر رەزامەندی ئێران و رووسیا وەدەستنەهێنێت، دەتوانێت چی بکات؟

دوای ڕاگەیاندنی پلانی جوڵاندی هێز دژی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکانی مەنبیج و تەل ڕیفعات لە باکووری سووریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەم هەفتەیەدا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی سێ قۆڵی لە تاران کرد و بەدوای پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی دەگەڕا.

لە کاتێکدا ئێران و ڕووسیا، دوو لایەنی سەرەکی دیکەی بیانین لە ململانێی سووریادا، شرۆڤەکاران دەڵێن دەتوانن ئۆپەراسیۆنەکەی ئەردۆغان سنووردار بکەن. بەڵام تورکیا رۆژی پێنجشەممە پێداگری کرد کە پێویستی بە "مۆڵەتی" کەس نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نوێ لە سوریا.

لێرەدا سەیری ئەگەری چەند پێشهاتێک دەکەین.

ئایا ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی وەرگرتووە؟

لە تاران، ئەردۆغان هەڕەشەکانی لە دژی ئەو هێزە کوردیانە نوێ کردەوە کە بەشێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکەن و لەلایەن ئەنقەرەوە بە "تیرۆریست" دادەنرێت.

دوای لوتکەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە بەڵێنی هاوکاری بۆ "نەهێشتنی تاک و گروپە تیرۆریستییەکان" لە باکووری سوریا و دژایەتیکردنی هەر تەماحێکی جوداخوازانە دەدات.

سێ لایەنە سەرەکی بیانییەکەی شەڕی سوریا، کە لە مێژە پشتگیری لایەنە دەژەکانی ململانێکە دەکەن، وادیارە پێناسەیان نەکردووە کە کێ "تیرۆریستە" و کێ تیرۆریست نییە.

مۆسکۆ و واشنتۆن چەندین جار هۆشدارییان داوەتە تورکیای ئەندامی ناتۆ سەبارەت بە هێرشێکی نوێ بۆ سەر کوردەکان لە باکووری سووریا و لە تاران ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای تورکیا هۆشداری داوەتە ئەردۆغان هێرشەکە "زیانبەخش" دەبێت.

دارین خەلیفە، توێژەر لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی. دەڵێت: "لە لوتکەکە گڵۆپی سەوز بۆ (ئەردۆغان)) هەڵنەکرا، بەڵام تورکیا چەندین جار بەبێ گڵۆپی سەوز ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ ناو سوریا ئەنجامداوە".

بەڵام مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، تورکیا "هەرگیز داوای نەکردووە و هەرگیز داوای مۆڵەت ناکات" بۆ هەڵمەتەکانی لە سووریا.

سەبارەت بە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە، وتی "دەکرێت شەوێک ڕووبدات، لەناکاو"، بەبێ ئەوەی قەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دیاری بکات.

لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019، ئەنقەرە سێ هێرشی سەربازی دەستپێكرد كە بە وتەی خۆی بۆ لەناوبردنی یەكینەكانی پاراستنی گەلە (یەپەگە)، کە هێزێکی کوردییە و پێكهاتەی سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) یە.

ئەنقەرە یەپەگە بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، کە گروپێکی چەکدارییەو دەیانساڵە دژی تورکیا دەجەنگێت.

ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ دەکات كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی کورددان له‌ باكووری سوریا. دەڵێت دەیەوێت "ناوچەیەکی ئارام" بە قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر لە خاکی تورکیاوە دروست بکات.

بەسام ئەبو عەبدوڵا لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی لە زانکۆی دیمەشق دەڵێیت هێرشی تورکیا بەدوور دەزانێت.

ئەو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "پێموایە فیوزی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا... بە تەواوی لابراوە".

تورکیا چ بژاردەیەکی هەیە؟

بەڵام تەنانەت بەبێ مۆری ڕەزامەندی مۆسکۆ و تاران، هێشتا ئەردۆغان دەتوانێت هێرشێکی سنووردار ئەنجام بدات.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، پێش کۆتایی مانگی هەشت یان سەرەتای مانگی نۆ هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام نادرێت.

نیكۆلاس هێراس، له‌ په‌یمانگه‌ی نیولاین لە واشنتن، ده‌ڵێت "بژارده‌یه‌ك له‌ ئێستادا كه‌ له‌به‌رده‌ستی توركیایه‌، به‌كارهێنانی هێزی ئاسمانییه‌ بۆ لێدانی ئامانجه‌كانی كورد له‌ سه‌رتاسه‌ری سووریا. ئه‌ردۆغان ئه‌و گڵۆپه‌ سه‌وزی هه‌یه‌."

بەرپرسانی کورد ڕایانگەیاندووە، خۆیان بۆ ئەگەری هێرشی تورکیا ئامادە دەکەن.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە، دەڵێت، "ئەردۆغان بێهیوا بووە لە مۆڵەتی پێشێلکردنی ئاسمانی سوریا بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژییەکەی."

تورکیا کە ساڵانێکە لە عێراقی دراوسێ ئۆپەراسیۆنی لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات، رۆژی چوارشەممە هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی گەشتیاری نزیک زاخۆ و بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری مەدەنی کوژران و زیاتر لە بیست کەس برینداربوو. ئەمەش توڕەیی لەسەراپای عێراقدا دروستکردووە.

خەلیفە هۆشداریدا لەوەی هێرشێک بۆ سەر مەنبیج کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تێدادەژی دەبێتە هۆی کەوتنەوەی "لێکەوتەی مرۆی قورس".

گوتیشی "ململانێی نوێ بە دەبێتە هۆی ئاوارەبوون و ئازاری بەکۆمەڵ."

سەدان هەزار عەرەب و کورد کە بەهۆی هێرشی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەی عەفرینی دراوسێی ساڵی 2018 ئاوارە بوون، لە ناوچەی تەل ریفعات دەژین.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس