زانیاری لەسەر هۆکاری موشەک بارانکردنەوەی کێڵگەی غازی کۆرومۆر

لە کاتێکدا کۆمپانیای دانەغاز ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی فراوانکردنەوەی کێڵگەی غازی کۆرومۆر دەکرد، جارێکی تر ئەو کێڵگەیە بە موشەک کرایەوە ئامانج، ئەمەش ئەو تێڕوانینەی لای توێژەرانی بواری وزە دروستکردووە، موشەک بارانکردنی کێڵگەکە هۆشدارییە بەو کۆمپانیا ئیماراتییە، تا دەست لە فراوانکردن و بەرهەمهێنانی غازی زیاتر لەو کێڵگەیە هەڵبگرێت.

جاری یەکەم و لە ماوەی تەنها چەند ڕۆژێکدا، سێجار کێڵگەی غازی کۆرومۆر موشەک بارانکرا، بەڵام کاتێک کۆمپانیای دانە غاز ڕاگرتنی پرۆسەی فراوانکردنی کێڵگەکەی ڕاگەیاند، دەست لە موشەک بارانکردنی کێڵگەکەش هەڵگیرا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاتێک کۆمپانیای دانە غاز جارێکی تر ویستی لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی ئەمەریکی و تورکی و چەند کۆمپانیایەکی لۆکاڵییەوە، پرۆسەی فراوانکردنەوەکە دەستپێبکات، جارێکی تر ئاڕاستەی موشەکەکان بەرەو کێڵگەکە وەرچەرخێنرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە موشەک بارانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەمەریکا پاڵپشتی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆر و مۆر دەکات، تا غازی هەرێم لە بازاڕەکانی عێراق جێگەی غازی ئێران بگرێتەوە، ئێرانییەکانیش دژی فراوانکردنی کێڵگەکەن."

جەختیشیکردەوە"هەرکاتێک ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر دەکرێت، خێرا موشەک بارانکردنەکان سەرهەڵدەدەنەوە."

لای خۆشیەوە، محەمەد حسێن، توێژەری بواری نەوت و وزە ڕوونیکردەوە، ئەمەریکییەکان کار بۆ هاندانی کۆمپانیا نەوتیەکان و ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم دەکەن بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر، ئەمەش لە پێناو ئەوەی غازی هەرێم جێی غازی ئێران بگرێتەوە لە بازاڕەکانی عێراق، دەڵێت" بۆ فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر، ئاژانسی پارەدارکردنی گەشەپێدان کە لە کۆمەڵێک بانکی نێودەوڵەتی و ئەمەریکی پێکهاتوون، بڕی 250 ملیۆن دۆلار قەرزیان داوەتە کۆمپانیای دانەغاز."

لە ئێستادا کۆمپانیای دانەغاز، ڕۆژانە 453 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر بەرهەم دەهێنێت، پلانی کۆمپانیاکە زیاترکردنی بڕی بەرهەمهێنانە بە شێوەیەک تا ساڵی 2023 بڕی ڕۆژانەی بەرهەمهێنانی غاز بگەیەنێتە 725 ملیۆن پێ سێجا، هەروەها لە ساڵی 2025 دا بڕەکە زیاتر بکات بۆ نزیکەی ملیارێک پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.

محەمەد حسێن توێژەری بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"تەنها ئەو گروپانە دەتوانن وەڵامی هۆکاری موشەک بارانکردنەکە بدەنەوە، کە ناو بەناو کێڵگەی غازی کۆرومۆر دەکەنە ئامانج، بەڵام جاری یەکەم کاتێک دانەغاز پرۆسەی فراوانکردنی غازی لە کێڵگەی کۆرومۆر ڕاگرت، ئەوانیش مۆشەک بارانکردنەکەیان وەستاند، واتە پەیوەندیەک هەیە لە نێوان پرۆسەی فراوانکردنی کێڵگەکە و موشەک بارانکردنەکە."

کۆمپانیای دانەغاز لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵیدا پرۆسەی فراوانکردنەوەی کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی لەگەڵیان هەیە دەستپێکاتەوە، بەڵام موشەک بارانکردنەوەی کێڵگەکە جارێکی تر کۆمپانیاکەی ڕاگرتەوە.

محەمەد حسێن ی توێژەری بواری نەوت و وزە، دەڵێت"دانەغاز بۆ پرۆسەی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای لۆکاڵی ئەنجامداوە، تا پرۆسیسی دەرهێنان و پاڵاوتن و جیاکردنەوەی غازی ترش لە غازی شیرین و چەندین کاری تر ئەنجام بدەن."

تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لایەنێکی بەفەرمی تۆمەتبارنەکردووە لەسەر ئەو موشەکانەی ئاڕاستەی کێڵگەی کۆرومۆر دەکرێن، بەڵام ڕایگەیاندووە گروپە لە یاسا دەرچووەکان لە پشت موشەکەکانەوەن.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر