لێدوانێکی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، جارێکی تر دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزکردەوە و ناکۆکییەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدری گێڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە کاتێکدا هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان هەردوو بەرەکە دەدا.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە داواکاری ڕەوتی سەدرە و بۆ ئەو مەبەستە بینای پەرلەمانیان کۆنتڕۆڵکردووە، نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند"گەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت بە بڕیاری پەرلەمان و نوێنەرانی گەل نەبێت، ڕەتیدەکەینەوە."
لێدوانەکەی نوری مالیکی، توڕەیی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدری لێکەوتەوە و هەر زوو وەڵامی دایەوە، ڕایگەیاند"سوێند بە ئیمامی عەلی، گەندەڵ حوکمی وڵات ناکات." ئەمەش وایکرد جارێکی تر دۆخی چەقبەستوویی عێراق بشڵەقێتەوە.
لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بینای پەرلەمانی عێراقیان کۆنترۆڵکردووە و ڕێگە بە ئەنجامدانی هیچ دانیشتێک نادەن، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکەن لە ژێر چەتری حکومەتەکەی کازمی دا.
لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش، دەیانەوێت مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پۆستەکەی لاببەن و کاندیدی خۆیان لەو پۆستەدا دابنێن، تا گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت، لە ژێر چەتری حکومەتەکەی ئەواندا بێت، لە کاتێکدا سەدر نایەوێت ئەمە ڕووبدات.
دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"سەرەتا کازمی لە نێوان سەدر و لایەنە شیعەکان ڕۆڵی نامەبەری هەبوو، بەڵام دواتر لە سەدر نزیکبوویەوە، ئەمە ئێران و هێزە شیعەکانی توڕەکرد، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لە پۆستەکەی لایبەن."
ڕەنگە دوای لێدوانە دژ بە یەکەکانی سەدر و مالیکی و دوای تەواوبوونی مەراسیمەکانی عاشورا، جارێکی تر دۆخی عێراق قۆناغێکی تری کێشمەکێش و ململانێ بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەت لایەنە شیعەکان بجوڵێن بە ئاراستەی گۆڕینی کازمی و دانانی کاندیدی خۆیان، سەدریش دیسانەوە کارتی جەماوەر لە دژیان بەکاربهێنێت.
رابیحە حەمەد بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"کازمی لە دۆخێکی تایبەتدا و بەناچاری قەبوڵکراوە ببێتە سەرۆک وەزیران، بەپێی خوێندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیش، کازمی لە کێشمەکێشی نێوانیان لەگەڵ سەدر ڕۆڵێکی خراپی گێڕاوە."
گوتیشی"لایەنە شیعەکان کردنەوەی دەرگای پەرلەمان بەڕووی خۆپیشاندەران و مانەوەیان تێیدا، هەمووی دەخەنە ئەستۆی کازمی، چونکە ئەو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە."
کێشمەکێشی نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، ڕێژەیەکی کەم لە دەنگدەران بەشداربوون، ئەمەش وا لێکدرایەوە کە هەڵبژاردنەکە سەرباری شەرعیەت بوونی یاسایی، بەڵام شەرعیەتی جەماوەری نەبووە.