کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت لێکۆڵینەوەی بێلایەن لەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سازبکرێت

کۆمیساری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانەی کرد سەبارەت بە کوژرانی کچێکی کورد کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسی گەشتی ئیرشاد (پۆلیسی ڕێنوێنی ئاینی) بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای توندی حیجابی زۆرەملێ ئەو وڵاتەوە دەکەوێتە حاڵەتی بێهۆشی و دواتر گیان لەدەست دەدات.

کوژرانی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ؛ خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێرانی توڕە کرد و بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی سەرتاسەری لە چەند شارێک لەوانە لە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکە.

نەدا ئەلناشیف کۆمیساری نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت ڕایگەیاند "مەرگی کارەساتبارەکەی مەهسا ئەمینی و تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن دەبێت بە خێرایی و بێلایەن و کاریگەر لەلایەن دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کارامەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بە تایبەتیش دڵنیاببنەوە کە خێزانەکەی دەستیان ڕابگات بە دادپەروەری و ڕاستیەکان."

نەدا ئەلناشیف لە بەیاننامەیەکدا دەشڵێت "دەبێت دەسەڵاتداران کۆتایی بە ئامانجکردن، هەراسانکردن و دەستبەسەرکردنی ئەو خانمانە بهێنن کە پابەندی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ نابن."

گروپێکی داکۆکیکاری کورد لە مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لە میانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی هێزە ئەمنییەکان لە شار و شارۆچکە کوردنشینەکانی ئێران تەقەیان لە خەڵک کردووە و 5 کەس کوژراون و چەندین کەس بریندار بوون. ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە. تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەو کوژراوانە بڵاونەکراونەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز