پسپۆرێکی دیاری ئێران لە واشنتن دەڵێت ڕەنگە ئەم خۆپیشاندانانەی ئێران لەوەی ساڵی 2009 کاریگەری زیاتربێت

باربرا سڵەیڤن

باربرا سڵەیڤن یەکێکە لە دیارترین پسپۆڕەکانی کاروباری ئێران لە واشنتن و یەکێکە لەوانەی کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دروستبوونی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیدارەی سەرۆک باراک ئۆباما (و چوار دەوڵەتی دیکە) لە ساڵی2015.

مانگی رابردوو کاتێک سەرۆکی ئێران ئیبراهیم رەئیسی هاتبوو بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باربرا یەکێک بوو لەو پسپۆڕانەی بانگهێشت کرابوو بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ئێران لە نیویۆرک و لەوێ پرسیاری لەسەر مەرگی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە سەرۆکی ئێرانی کرد.

باربرا ئێستا بەڕێوبەری پرۆگرامی ئێرانە (داهاتووی دەستپێشخەری ئێران) لە سەنتەری ئەتڵەنتیک لە واشنتن. لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، باربرا خۆپیشاندانەکانی ئێران بە "گرنگترین نارەزایی لە ساڵی 2009 ەوە" دادەنێت و تەنانەت دەڵێت "رەنگە گرنگتربن" لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوزی ساڵی 2009.

خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی سەوز لایەنگری کاندیدی سەرۆکایەتی میر حوسێن موسەڤی بوون و رکابەرەکەی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، یان بە تەزویرکردنی هەڵبژاردن تۆمەتبارکرد. لەو خۆپیشاندانانەدا بەپێی داتا فەرمییەکان لانیکەم 36 کەس کوژران.

باربرا دەڵێت " ئەم ژنان و کچە گەنجانە زیاتر لە حیجابی زۆرەملێ ڕەتدەکەنەوە -- ئەوان سیستەمێک ڕەتدەکەنەوە کە جیاکاری دژی ژنان کردووە و نەیتوانیوە بەڵێنەکانی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی جێبەجێ بکات."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی تاچەند ئەم خۆپیشاندانانە، کە دوای مردنی ژینا ئەمینی لە ١٦ ی مانگی رابردوو دروست بوو، دەکرێت گۆڕانکاری سیاسی لە ئێران دروستبکات، باربرا گوتی، "تا چەند مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن، ئەوە بەندە بەوەوە کە ئایا ئێمە مانگرتنی ڕێکخراو و بەرفراوان لەلایەن کرێکارانی ڕەخنەگرەوە دەبینین و ئایا لادان لەنێو هێزە ئەمنییەکانیشدا دەبینین یان نا. هەندێک ڕاپۆرت هەیە لەسەر مانگرتن و لایەنگری پۆلیس بۆ خۆپیشاندەران بەڵام تا ئێستا بەربڵاو نین."

ژینا ئەمینی کچێکی کورد بوو کە لەچکەکەی سەری بەشێوەیەک نەپۆشی بوو تا تەواوی قژی بشارێتەوە. ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نەبوو لە لایەن پۆلیسی ڕەوشت (گەشتی ئیرشاد)ی ئێرانەوە کە دەستگیریانکرد و دواتر ئەو کچە تەمەن ٢٢ ساڵەی سەقز لە ژێر دەستی پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.

حکومەتی ئێران دەڵێن کچەکە خۆی نەخۆش بووە بۆیە گیانی لەدەستداوە و ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئەشکەنجەدرابێت. بەڵام خانەوادەی ژینا دەڵێن کچەکەیان هیچ نەخۆشییەکی مەترسیداری نەبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن پاڵپشتی زارەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕیووە و سزای خستۆتە سەر هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی ئێران کە تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.

چواری ئەم مانگە، بایدن لە تویتێکدا نوسی " ئەمریکا لەگەڵ ژنان و هاووڵاتییانی ئێرانی دەوەستێت کە بە ئازایەتی خۆیان ئیلهام بە جیهان دەدەن.لەم هەفتەیەدا سزای زیاتر دەسەپێنین بەسەر ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی مافی ئێرانییەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەشێوەیەکی ئازادانە."


هەفتەی رابردوو، ئیدارەی بایدن سزای خستە سەر ئەحمەد وەحیدی و عیسا زارپوور، وەزیری ناوخۆ و پەیوەندییەکانی ئێران و هەروەها سەرۆکی هێزی پۆلیسی ئەلیکترۆنی ئێران، وەحید محەمەد ناسر مەجید و چوار بەرپرسی دیکەی ئەمنی ئێران.

بەڵام هەندێک پێیانوایە ئیدارەی بایدن پێویستە پاڵپشتی زیاتر پێشکەش بە ئێرانییەکان بکات تا بتوانن حکومەتە سەرکوتکەرەکەیان بڕوخێنن.

باربرا لەوبارەیەوە دەڵێت "پێم وایە ئیدارەی بایدن لە کاتی خۆی و گونجاودا وەڵامی داوەتەوە. ئیدانەی پێشێلکارییەکانی کردووە، ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت کردووە و گەمارۆی لەسەر ئەو قەوارە و کەسانە کردووە کە پەیوەستن بە سەرکەوتنکردنی (خۆپیشاندەرانەوە). دڵنیانیم خەڵکی زیاتر چاوەڕوانی چی دەکەن. دوای دوو شەڕی شکستخواردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا نزیک نییە لە هێرشکردنە سەر ئێران تا ڕژێمەکەی بگۆڕێت. "

باربرا پێیوایە ئەمەریکا دەتوانێت لەیەککاتدا پاڵپشتی خۆپیشاندەران بکات و لە گفتوگۆشدا بێت لەگەڵ حکومەتی ئێران بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

باربرا گوتی،"هەروەها لە دژایەتیی دانوستانە ئەتۆمییەکان تێناگەم. لە بەرژەوەندی ئێمەیە کە ڕێگە لە ئێران بگرین کە نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. هۆکاری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە کە ئێران پێشمەرجی ناواقیعیانەی خستۆتەڕوو. "