بڕیاری "دەرکردنی" هێزە کوردییەکان لە قەزای خانەقین ی سەر بە پارێزگای دیالە هەرچەندە ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە، عەبدولئەمیر شەمەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش کە بڕیارەکەی دەرکردووە، لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دا وەکو وەزیری ناوخۆ دەستبەکار بوو.
سۆزان مەنسور نوێنەری کوردانی خانەقین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بڕیارەکەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ دەرچوونی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە هەرێم لە قەزای خانەقین ڕاگیراوە، چونکە سەرۆکایەتی کۆمار و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان دەستوەردانیان کرد، بەڵام هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە."
هەرچەندە لە ڕۆژی 17 ی مانگی دەی ساڵی 2017 ەوە، قەزای خانەقین لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێشتا هێزێکی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسی هەرێم بنکەیان لە قەزاکە هەیە، لە کاتێکدا دوو مانگ لەمەوبەر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەوڵی دەرکردنی ئەو هێزانەی لە قەزاکە دا.
سۆزان مەنسور گوتی"عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری نوێی ناوخۆی عێراق لە پشت بڕیاری دەرکردنی هێزە کوردییەکانەوە بوو لە خانەقین، ماوەیەکە سەرقاڵە و کاندیدی وەزیری ناوخۆ بوو، هەفتەی داهاتوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە سەردانی دەکەین."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ڕاپۆرتی نهێنی ئاڕاستەی هێزە عێراقییەکان کراوە و تێیدا ئاماژەبەوەکراوە، هێزێکی کوردی بە نهێنی هێزی زیاتری بردووەتە نێو قەزاکە، ئەوانیش لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە، بڕیاریانداوە هێزە کوردییەکان لە خانەقین دەربکەن.
هەرچەندە گومان دەکرێت ڕاپۆرتە نهێنییەکە پەیوەندی بە ململانێی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکانەوە هەبێت، بەڵام نوێنەرەکەی خانەقین لە پەرلەمانی عێراق، بەڕوونی ئاماژەی بەو لایەنە نەکرد لە پشت ڕاپۆرتەکەوەیە، وتی"ڕاپۆرتەکە ناڕاست بووە، مەستی لێی نانەوەی ئاژاوە بووە، ئەگینا پەیوەندی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکە ئاساییە."
سۆزان مەنسور ناوەڕۆکی نوسراوەکەی عێراقی بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە خانەقین بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد، وتی"ڕاپۆرتەکەم بینی، لەسەری نوسرابوو، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتوون، بڕیارماندا هەندێک لەو دام و دەزگایانەی سەر بە هەرێمن، بارەگاکانیان لەخانەقین چۆڵ بکەن."
Your browser doesn’t support HTML5