پەرلەمانتارێکی پارتی: هەرێم دەیەوێت لەسەر نەوت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت و ئیرادەیەکی جدی بۆ ڕێککەوتن لای هەرێم و بەغدا دروستبووە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ گفتووگۆکردنە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمان

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد رۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عێراقی پارتی، لەبارەی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، دەڵێت"ڕێککەوتنی تازە لە نێوان هەولێر و بەغدا پێویست نییە، چونکە پێشتر ڕێککەوتن کراوە و دەکرێ لەسەر وردەکاری و میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، وەفدی هەردوولا گفتووگۆ بکەن، بەتایبەت ڕێککەوتنەکە چوارچێوەی یاسایی وەرگرتووە و لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە."

وتیشی"مادەی 140، بودجە، یاسای نەوت و گاز، رێککەوتنامەی شەنگال، ڕێککەوتنییان لەسەر کراوە، ماوەتەوە لەسەر وردەکارییەکان ڕێککەوتن بکرێت، بۆیە وەفدی هەرێم و بەغدا، لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن و چوونە بواری ڕێککەوتنەکە، پێویستە گفتووگۆ بکەن."

ئەمەش ببینە سەرچاوەیەکی باڵای هەرێم پێشنیارەکانی هەرێم بۆ بەغدا لەبارەی نەوت و بودجەوە ئاشکرا دەکات

دەربارەی ئەوەی چی گەرەنتییەک هەیە، بەغدا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێم جێبەجێ بکات، شوان محەمەد وتی"بابەتەکە لەسەرەتادایە، ئێمە لە ڕابردوودا ماران گەستە بووین، هێندە ڕێککەوتن کراوە و بەغدا جێبەجێی نەکردووە، متمانە نەماوە، بەڵام ئەمە سەرەتایەکی تازەیە و شیاع سودانی وەکو شەخس کۆمەڵێک بەڵێنی داوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش بەڵێنیان داوە، ئینجا هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش، هاوپەیمانێتییەکی تازەیە و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات."

جەختیشیکردەوە، "سەرباری بێ متمانەیی، بەڵام شیاع سودانی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە ئیرادەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم هەبێت، چونکە ئەو پێیوایە مانەوەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کابینەکەی شکست پێ دەهێنێت، هەروەها لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە کابینەکەی لەکەدار دەکات."

بڕیارە وەفدی هەرێم داواکاری پێدانی 14%ی بودجە ڕادەستی عێراق بکات، بەڵام شوان محەمەد دەڵێت"دەبێت لەچوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 ڕێککەوتن بکرێ، پێموانییە بەغدا لەسەر ئەو ڕێژەیە ڕازی بێت، چونکە ئێمە هەندێک گرێبەستمان هەیە و ئەو گرێبەستانە پابەندبوونی دارایی قورسیان تێدایە، بەغدا ناچێتە ژێر باری ئەو پابەندبوونانەی هەرێم، کێڵگەی نەوتی گەورە هەیە، حکومەتی هەرێم پارەی نەداوەتە کۆمپانیای نەوتی، بەڵکو کۆمپانیا لە داهاتەکەی و مانگانە پارە دەبات، گەر دۆسیەی نەوت بخەیتە دەست بەغدا، کێ پارەی کۆمپانیا بدات، حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت، مەسەلەکان وردەکارییان هەیە و دەبێت لەسەریان ڕێککەوتن بکرێت."

وتیشی"حکومەتی هەرێم نیەتێکی راستگۆیانەی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت، نرخی نەوت لەسەر ئاستی دنیا بەرز بووەتەوە، گەر هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون، 14%ی پشکە بودجە بدرێتە هەرێم، هەرێم، دەتوانرێت کوردستان ببوژێنێتەوە ، بۆیە هەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی سەرکەوتنی پرۆسەی حوکمڕانی لە ڕێککەوتندایە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر