زێلێنسکی سەردانی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لە خێرسۆن

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە شاری خێرسۆنی ئازادکراوی باشووری ئۆکرانیا وتارێکی پێشکەشی هێزەکانی ئۆکرانیا کرد و وتی ئۆکرانیا " ئامادەیە بۆ ئاشتی، ئاشتی بۆ هەموو وڵاتەکە."

دەرکەوتنی زێلێنسکی لە خێرسۆن چەند ڕۆژێکی کەم دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا دێت لە شارەکە، کە یەکێک بوو لە گەورەترین شکستەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیندۆنیسیا وتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی خێرسۆن لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە " سەرکەوتنێکی گرنگ " بوو بۆ حکومەتی کیێڤ.

بایدن وتی " جگە لە چەپڵە لێدان بۆ ئازایەتی و سووربوون و توانای گەلی ئۆکرانیا و سوپای ئۆکرانیا هیچی تر ناتوانم بکەم. ئەوان سەرسوڕهێنەر بوون."

وتیشی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن ڕێککەوتنێک نادەن بەسەر ئۆکرانیادا تاوەکو کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، وتی " هیچ شتێک سەبارەت بە ئۆکرانیا بەبێ ئۆکرانیا ناکرێت."

زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە بیری ئۆکرانییەکانی خستەوە کە " ڕەوشەکە لە هەرێمی خێرسۆن هێشتا زۆر مەترسیدارە."

وتی " هێزەکانی ڕووسیا لە خێرسۆن هەمان ئەو کارە دڕندانەیان لە دوای خۆیان جێهێشتووە کە لە هەرێمەکانی دیکەی وڵاتەکەمان ئەنجامییان داون، هەموو ئەو هەرێمانەی کە توانیویانە بچنە ناوییانەوە. بەبێ هیچ گومانێک هەموو بکوژەکان دەدۆزینەوە و ڕووبەڕووی دادییان دەکەینەوە."

زێلێنسکی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ خێرسۆن چاوی بە سەربازانی ئۆکرانیا کەوت و سڵاوی لە هاوڵاتیانی مەدەنی کرد، لە کاتێکدا لەگەڵ پاسەوانەکانیدا بە شەقامەکانی خێرسۆندا دەڕۆیشت.

زێلێنسکی بە کۆمەڵێک سەربازی وت " ئێوە سەلماندتان کە مەحاڵە ئۆکرانیا بکوژرێت." دواتریش یەک خولەک بەبێ دەنگی وەستان بۆ ئەو سەربازانەی کە لە ماوەی هێرشەکەدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە کوژران.

زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام بە مەرجێک کە هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی بگەڕێندرێتەوە. وتی " سوپا بەهێزەکەمان دەبینن. هەنگاو بە هەنگاو بە ناو وڵاتەکەماندا دەڕۆین، بە ناو ئەو ناوچانەدا کە بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز