ڕێبوار تاڵەبانی: ئەو پۆستەی پێیانداوم هیچ نییە، دەبو بەلایەنی کەم وەزارەتێک یان پاداشتێکی زیاترم پێبدرایە

ڕێبوار تاڵەبانی

لە دوای ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆی ساڵی 2017، حکومەتی عێراقی لە شازدەی 10 ی هامان ساڵ هێرشی سەربازی کردە سەر شاری کەرکوک و چەند بەپرسێکی شارەکەی بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و ژمارەیەک لەو بەرپرسانە ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە کەرکوک.

یەکێک لەو بەرپرسانە رێبوار تاڵەبانیە کە پێش 16ی ئۆکتۆبەر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو پاشان ڕووی کردە هەرێمی کوردستان و ساڵێک لەمەوبەریش پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کاروباری ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم پێدرا. لە ئێستادا وا دیارە تاڵەبانی لەو پۆستە نوێیەیدا خۆشحاڵ نییە و دەڵێت "ئه‌و پۆسته‌ بۆ من هیچ نییه، ده‌بووایه‌ به‌لایه‌نیکه‌م وه‌زاره‌تێک له‌ حکومه‌تی هه‌رێم یاخود پاداشتێکی زیاتر بووایه‌، پێشتر پۆستەکەم هاوتای وەکیل وەزیر بوو لانی کەم دەکرا وەزارەتێک لە هەرێم وەرگرم."

لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا تاڵەبانی دەشڵێت "بینینی سه‌رۆکی حکومه‌تی هەرێم قورسه هه‌تا ئێستا یه‌کجار سه‌رۆکی حکومه‌تم بینیووه‌، تائێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ڕووینه‌داوه‌. ئێستا هیچ پاسپۆرتم نییه‌ ته‌نانه‌ت پاسپۆرتیشم بۆ ده‌رناکه‌ن. "

دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ ڕێبوار تاڵەبانی:

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: پیشبینی چی ده‌که‌یت له‌باره‌ی حکومه‌تی نوێی عێراقیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی خۆتان وه‌کو بابه‌تی ڕیفراندۆم وه‌کو سه‌رۆکی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، ئایا پێشبینی ده‌که‌یت چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه‌ بۆ دۆسیه‌ی به‌رپرسانی کورد له‌ که‌رکوک؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئه‌و کوتله‌یه‌ی دروستکراوه‌ به‌ناوی به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت که‌ هه‌موو سوننه‌ و کورد و شیعه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تێدایه‌ یه‌کێک له‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی که‌ کردویانه‌ بارودۆخی ناوچه‌ کوردستانیه‌کان بگه‌ڕێته‌وه‌ پێش 16 ی ئۆکتۆبه‌ر و دۆسیه‌ی ئه‌منی ڕاده‌ستی پۆلیسی ناوخۆیی بکرێت، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی بارودۆخی که‌رکوک ئاسایی بکرێته‌وه‌ و بوون به‌سه‌ربازگه‌یی تێدانه‌بێت، چونکه‌ دژی مادده‌ی (9) ی ده‌ستووره‌ نابێت سوپا و سه‌رباز له‌ناو شاردا بێت ئه‌وکاته‌ به‌کۆی گشتی که‌یسه‌ سیاسیه‌کان نامێنێت.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: به‌ڕای تۆ دۆخی که‌رکوک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پێش 16ی ئۆکتۆبه‌ر؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: ڕێککه‌وتن کراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌، جارێ هیوایه‌ک به‌خۆمان ده‌ده‌ین و چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین بزانین ده‌وڵه‌تی شیاع سودانی ده‌توانێت به‌ڵێنه‌کانی جێبه‌جێ بکات یاخود هه‌مان سیناریۆی عه‌بادی و مالیکی و جه‌عفه‌ری دوباره‌ ده‌کاته‌وه‌.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئایا ئێوه‌ تاکه‌ به‌رپرس بوون له‌سه‌ر ڕیفراندۆم سزادران یاخود به‌رپرسی دیکه‌ش هه‌ن؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: کۆمه‌ڵێک ئه‌فسه‌ریش ئه‌وانیش تووشی هه‌مان کێشه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌مووی یه‌ک پاکێجه‌ و بابه‌تێکی سیاسیه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ 16 ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌کانی هه‌رێم و به‌غداد چاره‌سه‌ر بکرێن ده‌بێت ئه‌مه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ژماره‌تان چه‌ند که‌سه‌ ئەوانەی کە لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم دوورخراونەتەوە، ئامارت لایه‌؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: پێشبینی ده‌که‌م ئه‌فسه‌ره‌کان نزیکی 60 که‌س ببن کاتی خۆی به‌هۆی 16 ی ئۆکتۆبه‌ر سزا دراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری یان وه‌زاره‌تی ناوخۆوە.

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌ی سزادانی ئێوه‌ هه‌تا چه‌ند هه‌رێمی کوردستان پشتیوانی ئێوه‌ بووه‌؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئێمه‌ ئه‌وکاته‌ی هاتینه‌ هه‌ولێر پێشوازیه‌کی باشمان لێکرا له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه‌ش پشتگیری کراوم له‌ دادگاکاندا له‌ پاڵپشتیکردندا له‌گه‌ڵم بوون به‌تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی هه‌بووه‌ له‌چاودێریکردنی ئه‌و که‌یسانه‌ ئه‌وکاته‌ خۆی سه‌رکردایه‌تی ڕیفراندۆمی کردووه‌ و خۆیشی به‌ڵینیدا بوو که‌ هه‌ر کێشه‌یه‌ک به‌بۆنه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ بێت ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ که‌ پاڵپشتی و به‌رگری له‌و که‌سانه‌ بکات که‌ به‌بۆنه‌ی ڕیفراندۆمه‌ تووشی کێشه‌ی سیاسی بوون.

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئایا سه‌رکردایه‌تی کورد وه‌فای به‌رامبه‌رتان هه‌بوو؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: به‌ڵێ به‌رده‌وام هه‌موو لایه‌ک چاودێری ئه‌و که‌یسه‌یان کردووه‌ و ستافێکیان دروست کرد که‌ ئه‌و کێشانه‌ هه‌تا بکرێت چاره‌سه‌ر بکرێت من سوپاسی هه‌م پێشوازییه‌که‌یان و هه‌م به‌رگریه‌که‌یان ده‌که‌م.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئێستا که‌ ڕاوێژکاری سه‌رۆکی حکومه‌تیت وه‌کو پاداشتێک ئه‌و پۆسته‌ت پێدراوه‌ یاخود پۆسته‌که‌ ته‌نها ناوێکه‌ بۆ تۆ؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئه‌و پۆسته‌ بۆ من هیچ نییه،‌ چونکه‌ له‌کاتی 16 ی ئۆکتۆبه‌ر سه‌رۆکی وه‌زیرانی ئه‌وکات حه‌یده‌ر عه‌بادی وتی ته‌نها شه‌رعیه‌ت بده‌ و بگه‌ڕێوه‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێکت ده‌وێت له‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی پێت ده‌سپێرین من خۆم پێشتر که‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌ن بووم له‌ پله‌ی بریکاری وه‌زیر بووم، من که‌ هاتوومه‌ته‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بووایه‌ به‌لایه‌نی که‌م وه‌زاره‌تێک له‌ حکومه‌تی هه‌رێم یاخود پاداشتێکی زیاتر بووایه‌ له‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ که‌متر بووه‌ له‌و پله‌ و پۆسته‌ی که‌ پێشتر هه‌مبووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی که‌ هه‌مبووه‌ چونکه‌ که‌م که‌س هه‌یه‌ وه‌کو من هه‌ڵویستی ده‌ستوریانه‌ و یاساییانه‌ و مێژوویانه‌ بدات، ئه‌گه‌ر من ئه‌وکاته‌ بگه‌ڕامایه‌وه‌ که‌رکوک به‌لایه‌نی که‌م وه‌زیر بووم له‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: واتە پۆستی ڕاوێژکاری حکومه‌ت بۆ کاروباری ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ئێوه‌ که‌مه‌؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئایا وه‌زیرێک بم له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی یان ڕاوێژکارێک بم له‌ حکومه‌تی هه‌رێم! به‌ڵام من حکومه‌تی هه‌رێمم پێ باشتره‌ ئه‌گه‌ر که‌مترین فه‌رمانبه‌ر بین له‌ حکومه‌تێک زۆر باشتره‌ که‌ دژایه‌تی میلله‌ته‌که‌مان بکات.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئایا پۆستی ڕاوێژکاری سەۆکی حکومەتی هەرێم ته‌نها ناونیشانێکه‌ پێتان دراوه‌ یاخود ده‌سه‌ڵات و کارتان هه‌یه‌ ؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: هه‌ر کارێکیان پێویست بێت له‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت ئاراسته‌م ده‌که‌ن منیش ئه‌وه‌ی پێمکرا بێت له‌و شاره‌زاییه‌ی خۆم ده‌توانم پێشکه‌شیان بکه‌م و سوودی لێوه‌رگرن، هه‌تا ئێستا 16 پرۆژه‌م داوه‌ به‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت هه‌رکاتێک بیانه‌وێت من ده‌توانم بۆیان به‌ڕێوه‌به‌رم.

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: پرۆژه‌کانتان چیه‌؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: یه‌کێک له‌و پرۆژانه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ کوردستانیه‌کان من ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵیم باسکردووه‌ که‌ هه‌تا 2022 بۆ ناوچه‌ کوردستانیه‌کان و که‌رکوک که‌ نه‌ده‌بووایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ تاکڕه‌وانه‌ به‌ڕێوه‌ببردێت به‌پێی ده‌ستور ناوچه‌ی کێشه‌ له‌سه‌ره‌ ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌ن چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی له‌ڕووی بودجه‌وه‌ و له‌ڕووی ئیداری و سیاسیه‌وه‌ خۆی ده‌یبات به‌ڕێوه‌ هیچ مافێکی هه‌رێمی نه‌داوه،‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌رێم له‌وێ بوونی نییه‌ و دیار نییه‌، ئه‌وه‌م وه‌کو پرۆژه‌یه‌کی 43 لاپه‌ڕه‌یی پێشکه‌شم کردووه‌ و له‌گه‌ڵ 13 وه‌زیر دانیشتووم له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم دانیشتووم به‌وهیوایه‌ی که‌ سوودی لێوه‌ربگرن و له‌ ئاینده‌دا بتوانن له‌ دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار بکه‌ن ئه‌گه‌ر بتوانن سوودی لێوه‌ربگرن.​


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ڕاوێژه‌کانت وه‌رده‌گرن؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: من ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمه‌ پێشکه‌شیان ده‌که‌م وه‌کو دڵسۆزیه‌ک بۆ میلله‌ته‌که‌ی خۆم ئه‌گه‌ر سه‌یریان کرد ئه‌وه‌ بۆخۆیان سوودی لێده‌بینن ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌ن من ناتوانم له‌وه‌ زیاتر بکه‌م.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: په‌شیمان نیت له‌ ڕیفراندۆم؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: نه‌خێر له‌بنه‌ڕه‌تدا میلله‌تی کورد زۆر دواکه‌وت ده‌بووایه‌ سه‌د ساڵ پێش ئێستا ڕیفرادۆمی بکردایه‌، من سه‌ربه‌رزم به‌و ڕیفراندۆمه‌ی که‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی منی تێدابووه‌ له‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ سه‌د ساڵهمیلله‌تی کورد خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: پێشتر سه‌رۆکی ده‌سته‌ی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند که‌ بینی سه‌رۆکی حکومه‌ت زۆر قورسه ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داوای بینینی سەرۆکی حکومەت دەکات بەڵام تا اێستاش نەیتوانیووە،‌ ئایا بۆ ئێوه‌ چۆنه‌؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: به‌گشتی ئه‌وه‌ گله‌ییه‌، منیش واتێده‌گه‌م بینی سه‌رۆکی حکومه‌تی هەرێم قورسه‌ و سیستماتیک نه‌کراوه‌ به‌گشتی کارکردن له‌ هه‌رێمی کوردستان ئاڵۆزه‌ 30 ساڵه‌ کێشه‌ی زۆر که‌ڵه‌که‌ بووه‌ ئیتر نازانم ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی کابینه‌که‌ و سیاسه‌تی سه‌رۆکی حکومه‌ت خۆی چۆن به‌ باشی ده‌زانێت ئه‌وه‌ به‌رنامه‌ی خۆیه‌تی.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئێوه‌ چەند جار سەرۆکی هکومەتتان بینیووە لەوکاتەوەی پۆستی ڕاوێژکارتان لە هەرێم وەرگرتووە؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: من هه‌تا ئێستا یه‌کجار سه‌رۆکی حکومه‌تم بینیووه‌، من ساڵێکه‌ له‌و پۆسته‌دام، تائێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ڕووینه‌داوه‌.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: سه‌باره‌ت به‌ پاسپۆرته‌که‌ت وه‌کو له‌پێشووتردا باسکراوه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ ئایا ئێستا ئێوه‌ ناتوانن سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکه‌یت؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ پیلانی نه‌یارانی کورده‌ له ‌دژی من تۆماریان کردبووه‌ له‌ دادگای که‌رخ، ئه‌وانه‌ی له‌ که‌رکوک ئه‌و که‌یسانه‌ ده‌جوڵێنن، من سێ دادگایی کرام له‌ هه‌موویان سه‌رکه‌وتوو بووم له‌گه‌ڵ ئه‌و سکاڵانه‌ش قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ر ده‌که‌ن و پاره‌ و موڵک هه‌مووی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، عێراقیش ده‌وڵه‌تێکه‌ گه‌نده‌ڵی و ڕۆتینی زۆره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێشتا ماوه‌ته‌وه‌ ئێستا هیچ پاسپۆرتم نییه‌ ته‌نانه‌ت پاسپۆرتم بۆ ده‌رناکه‌ن.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت پاسپۆرتت بۆ ده‌ربکات؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: یه‌ک سیسته‌مه‌ عێراق ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵیه‌ و ئه‌وانیش په‌یوه‌ستن به‌ ناوه‌نده‌وه‌.

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: واته‌ بڕیارێک هه‌یه‌ پاسپۆرتت لێوه‌ربگیرێته‌وه‌؟


ڕێبوار تاڵه‌بانی: من پاسپۆرته‌که‌م به‌سه‌رچوو بوو که‌ چووم تازه‌ی بکه‌مه‌وه‌ وتیان ناکرێت چونکه‌ هه‌تا ئێستا بڕیار له‌ دادگاوه‌ نه‌هاتووه‌ که‌ پاسپۆرتم بۆ نوێ بکرێته‌وه.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا: ئایا حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه‌ بڕیارێکی تایبه‌تت بۆ ده‌ربکات؟

ڕێبوار تاڵه‌بانی: نه‌خیر هه‌رێمی کوردستان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه‌ چونکه‌ پاسپۆرت په‌یوه‌سته‌ به‌ حکومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌، نزیکه‌ی دوو مانگ ده‌بێت ڕاگیراوه‌ و ناتوانم ده‌ریبکه‌مه‌وه‌ هه‌تا بڕیارێک له‌ دادگاوه‌ نه‌چێت بۆ داموده‌زگا فه‌رمیه‌کان.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ڕێبوار تاڵەبانی