لە شەڕی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەبدا لە گوندەکانی سنوری قەزای داقوقی باشوری کەرکوک، لەسەر کێشەی خاوەندارێتی کردنی زەوی و زار، دوو جوتیاری کورد بریندارکران و کێشەکەش بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
دوێنێ، چوارشەممە، ژمارەیەک جوتیاری عەرەب هەوڵی کێڵانی زەوی و زاریان داوە لە ناوچەی هەفتەغاری سنوری قەزای داقوق. لەوکاتەدا جوتیارە کوردەکان کە خۆیان بە خاوەنی زەوی و زارەکان دەزانن ڕێگرییان لێکردوون، شەڕە بەرد و دار دروستبووە و دوو جوتیاری کورد سەریان شکێنراوە.
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1947، قەزای داقوق تەنها 1،987 کەسی تێدا بووە و زۆرینەیان تورکمان بوون، لە کاتێکدا 69 گوند سەربەم قەزایە بوون و تەنها گوندی زەینولعابیدین، تورکمان نیشین بووە و 355 کەسی تێدا ژیاوە.
هەر بە پێی ئەو سەرژمێرییە، لەو 69 گوندەدا، تەنها سێ گوند عەرەب نیشین بوون، تەواوی گوندەکانی تر کوردنیشین بوون و سەرووی 10 هەزار کەسی کوردییان تێدا ژیاوە.
بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی میترا ( رێکخراوێکی ناحکومییە و کار لەسەر مافی کەمایەتییەکان دەکات لە کەرکوک)، کە ئامارەکە پشت ئەستورە بە کۆبوونی خۆراک و تایبەت دراوە بە دەنگی ئەمەریکا، دانیشتوانی قەزای داقوق لە ئێستادا گەیشتووەتە 72 هەزار کەس. لەوەشدا 37%ی کوردی موسڵمان و 15% ی کوردی کاکەیین، هەروەها رێژەی عەرەب 34% و رێژەی تورکمانیش 14%ە.
خەلیفە جەوهەر، کەسایەتی کوردی گوندەکانی سنوری داقوق، لە بارەی کێشەی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەبەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "ساڵانە و لەم وەرزەدا، شەڕی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان لەسەر زەوی و زار سەرهەڵدەداتەوە، چونکە عەرەبەکان دێن زەوی کوردەکان بکێڵن، کوردەکانیش ڕێگەیان پێ نادەن."
ئەو زەوییانەی لە نێوان جوتیاری کورد و عەرەبدا ناکۆکییان لەسەرە، لە زەوی دەیم و بەراو پێکهاتوون، (گەنم و جۆ، گەنمە شامی، کونجی و گوڵە بەڕۆژە) و چەندین بەرووبوومی تری کشتوکاڵییان تێدا دەچێنرێت. ساڵانی ڕابردوو، دەغڵ و دانی جوتیارە کوردەکان لە کاتی وەرزی دروێنەدا سوتێنران، ئەوان جوتیارە عەرەبەکانیان تۆمەتبار دەکرد.
خەلیفە جەوهەر وتیشی "دوێنێ چوارشەممە، شەڕە بەرد و دار لە نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان دا ڕوویداوە، سەری دوو جوتیاری کورد شکێنراوە."
شەڕی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە سنوری کەرکوک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی هێنایە سەر هێڵ و ڕایگەیاند "پەلاماردانی جوتیارانی کورد لە سنوری داقوق، مایەی ئەوپەڕی نیگەرانییە. داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان دەکەم، کۆتایی بە دەستدرێژی کەسانی دەستڕۆیشتوو بۆ سەر جوتیارانی کورد بهێنن."
سەرەتای ناکۆکی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانی سنوری کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975، کاتێک حکومەتی بەعس جوتیارە کوردەکانی لە چوارچێوەی پرۆسەی "بەعەرەب کردن و ڕاگواستن"دا، لە گوندەکانی کەرکوک ڕاگواست و جوتیاری عەرەبی لە ناوچەکانیان نیشتەجێ کرد.
لە ساڵی 2003 کاتێک بەعس ڕووخا، کوردەکان گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان و عەرەبەکانیش ناوچەکانیان جێهێشت، ڕوویان لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و ناوچەکانی تری کەرکوک کرد. بەم پێ یە کوردەکان لە ساڵی 2003 ەوە تا ساڵی 2017 لەسەر زەوی و زارەکانیان مانەوە.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەو دوای کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک لە لایەن عێراقەوە، عەرەبەکان کە بە "عەرەبی هاوردە" دەناسرێن، جارێکی تر گەڕانەوە و هەوڵی دەرکردنەوەی کوردەکانیان دا، لەو کاتەوە تا ئێستا ململانێی نێوان جوتیاری کورد و عەرەب لەسەر خاوەندارێتی کردنی زەوی و زار بەردەوامە.
شکار کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی بەشێک لە جوتیارە کوردەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت "کێشەی نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان لە دادگایە، لە هەندێک ناوچە جوتیارە کوردەکان دۆسیەکانیان بردووەتەوە، لە هەندێک ناوچەی تر، دۆسیەکان لەبەرژەوەندی جوتیاری عەرەب یەکلابووەتەوە."
وەک پارێزەرەکە ئاماژەی پێکرد، ئاراستەی یاسایی بۆ یەکلایی کردنەوەی خاوەندارێتیکردنی زەوی و زارەکان، لە بەرژەوەندی جوتیارە کوردەکان بووە، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2018 وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی جوتیارە عەرەبەکان دەرکردووە.
بە پێی بڕیارەکە، مافی خاوەندارێتیکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دراوەتە عەرەبەکان، بەو پێیەی گرێبەستی کشتوکاڵییان هەیە، لە کاتێکدا جوتیارە کوردەکان دەڵێن، لە ساڵی 1975 لە ژێر فشاردا زەوییەکانیان پێ جێهێڵراوە و ئەو گرێبەستانە بەهای یاساییان نییە.
لە بارەی ناوەڕۆکی نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، پارێزەر شکار کاکەیی وتی"بە پێی نوسراوەکە، ئەو زەوی و زارانەی کێشەیان لەسەرە، مەشمول نین بە مادەی 140 ی دەستوری عێراق، واتە لە چوارچێوەی ئەو موڵکانە دەرهێنراوە کە ناکۆکییان لەسەرە."
لە پشت شەڕە بەرد و داری نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانەوە، کێشمەکێشی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و سەرباری ئەوەی کێشەی نێوان جوتیارانیان پێ یەکلایی نەکراوەتەوە، هەرلایەک و دەستوەردانیش لە بەرژەوەندی جوتیارانی خۆی دەکات، ئەمەش هێندەی ترکێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە.
لایەنە کوردییەکان، پشتگیری جوتیارە کوردەکان دەکەن، پێیانوایە جوتیارە عەرەبەکان دەیانەوێت بە پاڵپشتی لایەنەکانی عەرەبی سونە و بە سودوەرگرتن لە بڕیارێکی ساڵی 1975 بەعس، کە کوردی پێ ڕاگوازراوە، کوردەکان لە زێدی خۆیان دەربکەن. لەکاتێکدا لایەنە عەرەبییەکان بیانوویەکی جیاوازتریان هەیە و دەڵێن، لە سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق دا، گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ جوتیارە عەرەبەکان کراوە و مافی خۆیانە زەوییەکان وەربگرنەوە.
رەجەب عاسی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"سیاسییەکان نەیانتوانی کێشەی زەوی و زار لە ناوچە کێشە لە سەرەکان لە نێوان جوتیاری کورد و عەرەب بە یاسا یەکلایی بکەنەوە، بۆیە جوتیارەکان بەربوونەتە گیانی یەکتری و بە دار و بەرد لە یەکتری دەدەن، ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیاسییەکان."