پێشمەرگە و سوپای عێراق بە چڕی چاودێری جوڵەی داعش دەکەن

پێشمەرگە

هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، چاودێری جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەکەن و ئامادەکارییان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرش و پەلامارێکی چەکدارانی سەر بەو ڕێکخراوە، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەمە، لە سنوری ناحیەی ریاز و بەهۆی هێرشێکی داعشەوە، ئەفسەرێک و 9 پۆلیسی عێراقی کوژران.

هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەش، گومان دەکەن، هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەمەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، هێرشی تری بەدوادا بێت، بۆیە هێزەکانیان ئاگادار کردووەتەوە لە ئامادەباشی دا بن و وردتر چاودێری جوڵەی داعش بکەن.

ئەمڕۆ دووشەمە، فەریکی یەکەم، عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە شاری شاری، بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو هێرشەی داعش کردیە سەر پۆلیسی فیدراڵی عێراق، هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەشی لە چەکدارانی سەربەو ڕێکخراوە کرد.

ئیسماعیل حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"داعش ناو بە ناو بێ دەنگ دەبێت، دواتر کەمتەرخەمی هێزە عێراقییەکان دەقۆزنەوە و هێرش دەست پێدەکەنەوە، داعش لە ناوچەکان دا ماون و هەمووکات مایەی مەترسیین."

ئەو وتیشی"هێرشەکانی داعش پەیامی مانەوەیان لە پشتە، هێندە جم و جۆڵیان هەیە، ئەو خێزانە گوندنیشینیانەش کە گەڕابوونەوە بۆ گوندەکانیان، جارێ تر هاتنەوە بۆ کەرکوک."

هێزە عێراقییەکان ناو بە ناو ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش ئەنجام دەدەن، بەڵام داعش پێشوەخت ئاگادارن لە جوڵەکانی سوپا، بۆیە ئەو ناوچانە جێدەهێڵن کە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

هێزە عێراقییەکان پێشوەخت نهێنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دزە دەکات، یاخود نهێنی جوڵەی هێزە عێراقییەکان هەرزوو دەگاتە چەکدارەکانی داعش، هۆکاری ئەمەش بۆ بوونی شانەی نوستووی سەر بەو ڕێکخراوە لە شار و شارۆچکە کێشە لەسەرەکان دەگێڕدرێتەوە.

لیوا محەمەد هەژار، فەرماندەی پێشمەرگە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دەڵێت "داعش وەکو فیکر هێشتا زیندووە، خەڵکیان هەیە."

بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراقی و پێشمەرگەش، ئەو چەکدارانەی داعش لە گوندە دوورە دەستەکانی پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدینن، خۆیان خەڵکی ئەو ناوچانەن، بۆیە شارەزای جوگرافیای ناوچەکانن و بە شێوەیەکی ئاسان دەتوانن هاتووچۆ بکەن.

محەمەد سعود، ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "داعش لە سنوری دەریاچەی حەمرین هەن، زۆربەیان خەڵکی گوندەکانن، حەشارگە و خۆراک و هەموو پێداویستییەکانیان پێ یە، هەرکاتێکیش ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت، ناوچەکە جێدەهێڵن و دواتر دەگەڕێنەوە."

هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەمەی داعش، کە بووە هۆی کوژرانی 10 پۆلیسی فیدراڵی لە نزیک ناحیەی ریازی باشوری کەرکوک، دووەم هێرشی ئەو ڕێکخراوەیە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ دا بۆ سەر هێزە عێراقییەکان. مانگی ڕابردووش، داعش هێرشێکی تری کردە سەر سەنگەرێکی سوپای عێراق لە رۆژهەڵاتی شاری کەرکوک و چوار سەربازی سەر بڕی.

عەمید محەمەد عەلی، کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "مانگێکە داعش سەرقاڵی پلان دانانە بۆ ڕفاندنی خەڵک، چونکە لە نێو خۆیاندا موناقەشەی ئەوەیان کردووە، بۆ خەرجی ڕۆژانە و کەس و کاری کوژراوەکانیان، پێویستییان بە پارەیە."

جەختیشیکردەوە"داعش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین جێگۆڕکێ بە هێزەکانی دەکات، لە هەر ناوچەیەک ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت، هێزەکانیان دەگوێزنەوە بۆ ناوچەیەکی تر."

هەندێک لەو ناوچانەی داعش هێرشیان دەکاتە سەر، ئەو ناوچانەن کە دوورن لە پێگەکانی داعشەوە و بەدوور دەزانرێت داعش دەستی پێیان بگات، وەک ئەو هێرشەی مانگی ڕابردوو، داعش کردیە سەر سەنگەرێکی سوپای عێراق لە تەنیشت جادەی سەرەکی سلێمانی_کەرکوک و 4 سەربازی کوشت.

کەریم شکور، نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت "داعش لە هەر ناوچەیەک هەست بە بۆشایی بکات، لەو ناوچەیە هێرش ئەنجام دەدات."

لە ماوەی ئەم مانگەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق، دووجار بە چڕی چەکدارانی داعشیان لە ڕۆژاوای قەزای داقوقی باشوری کەرکوک و ناوچەی بیر ئەحمەد ڕۆژاوای قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بۆردومانکردووە، کە 5 چەکداری داعش لە بۆردومانی فرۆکەکاندا لە ناوچەی بیر ئەحمەد کوژراون و هێزە عێراقییەکان وێنەی تەرمەکانی بڵاو کردوونەتەوە.