تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە توندی ڕەخنەی لە سوید گرت بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی هاووڵاتییەک کە لەلایەن ئانکەرەوە داوا کراوە لەبەرامبەر پەسەندکردنی داواکاری ئەندامێتی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای کردووە سوید دەیان کەس ڕادەستی تورکیا بکاتەوە. ئەو کەسانەش بریتین لەوانەی ئانکەرە گومانی هەیە دەستیان لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 دا هەبێت یان ئەندامی پەکەکە بن، بەڵام بلنت کەنەش سەرنوسەری ڕۆژنامەی تۆدەیس زەمانی تورکیا، کە ئێستا داخراوە، تەنها کەسە کە ئەدۆغان نێوی هێناوە.
دادگای باڵای سوید ڕۆژی دووشەممە بڕیاریدا کەنەش ڕادەستی تورکیا نەکاتەوە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگە کەسێکی کە بە تۆمەتێ ئەندامێتی پەکەکە لە لایەن تورکیاوە داوا کرابوو ڕادەست کردەوە.
ئەکرەم ئونەن شارەزای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە سوید، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕێککەوتنی سوید لەگەڵ تورکیا لە پێناو بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپادا بووەتە جێگای ڕەخنەیەکی زۆری ڕۆژنامەوانان و میدیای سویدی.
ئەو گوتیشی تورکیا داوای خەڵکێکی زۆر لە سوید دەکات " کە دەتوانین بڵێین لە سێ گروپی جیاوادا خۆیان دەبیننەوە. گروپێکیان ئەوانەی سەر بە پەکەکەن، گروپێک ئەوانەی کە سەر بە لایەنی فەتحوڵا گولەنن و گروپێکیش ئەوانەی کە سەر بە ڕێکخراوێکی چەپی تورکیان."
ئەکرەم ئونەن دەشڵێت " تورکیا زیاتر ئەندامانی بزوتنەوەی گولەنی لا مەبەستە."
لە سەرەتای ئەم مانگە مەحمەد تات کە بە ئەندامێتی پەکەکە تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن سویدەوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە. سەبارەت بەوەی ئایا بۆچی دادگای باڵای سوید بڕیاری ڕادەستکردنی ئەوی ڕانەگرتبوو بەڕێز ئونەن دەڵێت " بێگومان لایەنی فەتحوڵا گولەن پشتیوانی زیاتری نێونەتەوەییان هەیە و بۆ سوید جیاوازترە."
دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، سوید و فینلاند داوایان لە ناتۆ کرد بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی هاوپەیمانییەکە.
تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو دوو دەوڵەتە پاڵپشتی " تیرۆرستانی" دژی ئەنقەرە دەکەن و گوتی پشتیوانی لە ئەندامێتی ئەو وڵاتانە ناکات لە ناتۆدا.
Your browser doesn’t support HTML5
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگای باڵای سوید هەڕەشەیە بۆ ئەوە بەرەوپێشچوونە سەختانەی کە لایەنەکان لە ڕێگەی چەند مانگێک لە دانوستانی هەستیار بەدەستیان هێناوە.
چاوشئۆغڵو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەمان بۆ ڕادەستکردنەوەی بڵنت کەنش پێشهاتێکی زۆر نەرێنییە".
گوتیشی " ئەگەر وا بزانن کەسێک ڕادەستدەکەن و ئەم بابەتە دادەخەن، ئەمە واقیعی نییە."
گوتیشی چیتر ئێمە " نامانەوێت گوێمان لە قسە باشەکانی سوید و فینلاند بێت ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی تۆکمە ببینین."
تورکیا و هەنگاریا وەک تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ ماونەتەوە کە تا ئێستا داواکارییەکانی ئەو دوو وڵاتەی باکوری ئەوروپایان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند نەکردووە.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژنسی AFP وەرگیراوە