سەرۆک وەزیرانی سوید ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە دڵنیایە لەوەی کە تورکیا داواکارییەکەی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی سەربازی ناتۆ پەسەند دەکات، بەڵام ناتوانێت هەموو مەرجەکانی کە ئانکەرە دایناون پەسەند بکات.
ئولف کریستیسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید لە کۆنفرانسێکدا لە سوید گوتی " تورکیا پشڕاستی دەکاتەوە ئەوەی گوتبومان دەیکەین کردمان، بەڵام ئەوانیش دەڵێن هەندێک شتیان دەوێت کە کە ئێمە ناتوانین یان نامانەوێت بیدەین."
فینلاند و سوید لە ساڵی 2022 دا ڕێککەوتنێکی سێ لایەنەیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد کە ئامانج لێی زاڵبوونە بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئانکەرە بەرامبەر بە ئەندامبوونیان لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.
هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو پاش هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، داوایان کرد بچنە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەڵام تورکیا ناڕەزایی دەربڕی و هەردوو وڵاتی بە داڵدەدانی چەکدارەکان تۆمەتبار کرد، لەوانەشدا ئەندامانی پەکەکە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە جەختی لەسەرکراوەتەوە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە تورکیا بە تیرۆرستیان دەزانێت.
ئانکەرە بێهیوایی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە بڕیارێکی کۆتایی ساڵی ڕابردووی دادگای باڵای سورید بۆ ڕێگری کردن لە ڕادەستکردنەوەی ڕۆژنامەنوسێک کە گوایە پەیوەندی هەیە بە بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەنەوە کە تورکیا بە هەوڵەکانی بۆ کودەتا سەرنەوتووەکەی تورکیا تۆمەتباری دەکات.
ئەمەش ببینە تورکیا ڕەخنە لە بڕیارێکی دادگای باڵای سوید دەگرێت
بەڵام لە سەرەتای مانگی دوازدە، مەحمەد تات کە بە ئەندامێتی پەکەکە تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن سویدەوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە.
ئەکرەم ئونەن شارەزای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە سوید، لە دیمانەیەکی مانگی ڕابردوویدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد بۆچی ئەوکەسی گوایە ئەندامی پەکەکەیە ڕادەست کراوە بەڵام ئەوەی سەر بە فەتحوڵا گولەن ڕادەست نەکراوە. ئەو گوتی " بێگومان لایەنی فەتحوڵا گولەن پشتیوانی زیاتری نێونەتەوەییان هەیە و بۆ سوید جیاوازترە."
هەروەها ڕایشیگەیاند ڕێککەوتنی سوید لەگەڵ تورکیا لە پێناو بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپادا بووەتە جێگای ڕەخنەیەکی زۆری ڕۆژنامەوانان و میدیای سویدی.
داواکارییەکە سوید و فینلەند تا ئێستا لەلایەن 28 وڵات لە کۆی 30 وڵاتی ئەندام پەسەند کراوە، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون بۆئەوەی واژوو لەسەر پرۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونیان له ناتۆ بکەن.
هەنگاریا ڕایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سەرەتای ساڵی 2023 داواکارییەکە پەسەند دەکات.