هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ ڕادەستکردنەوەی بنەماڵەی چەکدارە بیانییەکانی داعش بە وڵاتەکانیان بەردەوامە و لەساڵی ڕابروودا سەدان هاووڵاتی بیانی ڕادەستی وڵاتەکانیان کرانەوە.
لە ئەنجامی شەڕی باغوز، دەیان هەزار لە ئەندامانی بنەماڵەی داعش خۆیان ڕادەستی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک) کرد و بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ کەمپدا بە ناوەکانی کەمپی ڕۆژ، هۆڵ و عەین عیسا نیشتەجێکران.
زیاتر لە 15 هەزار خێزان کە بەشێکیان کەسوکاری داعشن لە کەمپی هۆڵ نیشتەجێن کە ژمارەیان زیاتر لە 85 هەزار کەسە.
هەتا ساڵی2019 زیاتر لە سێ هەزار خێزان کە دەیکردە زیاتر لە 13 هەزار کەس لە کەمپی عەین عیسا دەژیان بەڵام پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا ئەو کەمپە کرایەوە و گوازرانەوە بۆ شارۆچکەی سەرێ کانی کە لە لەلایەن تورکیاوە دەستیبەسەردا گیراوە.
کەمپی ڕۆژیش زیاتر لە 800 خێزانی داعش نیشتەجێن کە ژمارەیان دەکاتە نزیکەی 2500 کەس.
ڕادەستکردنی خێزانە بیانییەکان بە وڵاتەکانیان
بەپێی ئامارەکانی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە ساڵی 2022دا 515 ژن و منداڵی داعش ڕادەستی شاندەکانی وڵاتانی دەرەوە کراون.
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەند جارێک باسیان لەوە کردووە کە کار بۆ پاککردنەوەی کەمپەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بنەماڵەکانی داعش دەکەن.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر زیاتر لە 100 کۆبوونەوەیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی ئەنجامداوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان، بەپێی ئاماری دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کۆبوونەوەکان لەمساڵیشدا بەردەوامن.
هۆکاری مەترسییەکان لە مانەوەی بنەماڵەکانی داعش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لە ساڵی 2019 و دوای شکستی داعش لە سوریا، ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەی چەکدارانی داعش لە کەمپ و ناوەندی تایبەت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دانراون.
ئیدارەی خۆسەر لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی و پشتیوانی بۆ ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی پرسی داعش لە ناوچەکەدا.
ئەمەش ببینە ڕێکخراوێکی جیهانی پاراستنی منداڵان دەڵێت ئەو منداڵانەی لە کەمپی هۆل و ڕۆژدا گیریان خواردووە، ژیانیان لە مەترسیدایە
بە وتەی چاودێران، ئەگەر کێشەی خێزانەکانی داعش چارەسەر نەکرێت، لە داهاتوودا مەترسی و گرفت لە ناوچەکە دروست دەبێت، جگە لەوەی بەشێکی زۆریان بیرۆکەی توندڕەویان هەیە، بەتایبەتی منداڵان.
چاودێران پێیان وایە کە نەوەی نوێی داش لە کەمپەکاندا بە تایبەت هۆل لەسەر بیرۆکە ڕادیکاڵەکانی داعش گۆش کراون.
لامرا ئەرکەندی، ڕۆژنامەنوس و شارەزا لە بواری داعش دەڵێت "ڕێکخراوە تێرۆرستەکە لەناو کەمپی هۆڵدا توانای خۆڕێکخستنەوەی هەیە، بە تایبەتی لەڕووی داراییەوە."
بۆچی وڵاتانی بیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانیان لەو کامپانە ناگەڕێننەوە
لە ساڵی 2021دا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە هاووڵاتیانیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەڕێننەوە.
بەپێی مافناسان، بابەتی دادگاییکردنی ئەندامانی داعش و تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە ئاستەنگە لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
لە لایەکی ترەوە بە پێی شارەزایانی یاسایی، ئاستەنگی یاساییش هەیە لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆیە پرۆسەکە زۆر بە خاوی دەڕوات.
ڕۆژنامەنووس هۆشێنگ حەسەن دەڵێت "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتانی ڕۆئاوا پەیوەندی بە پرسی ناوخۆی ئەو وڵاتانەوە هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی کاریگەریی گەڕانەوەی بنەماڵەکانی داش لەسەر دەنگدەران لە دهەڵبژارندا."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕیوەبەرایەتی خۆسەر، لە ساڵی 2022 دا ، 15 کەس (6 ژن و 9 منداڵ) ڕادەستی حکومەتی سوید کراون، 60 کەس (16 ژن و 44 منداڵ) ڕادەستی هۆڵەندییەکان کراون ، 53 کەس (15 ژن و 38 منداڵ) ڕادەستی ئەڵمانیا کران و 68 منداڵ ڕادەستی ڕووسیا کران.
هەروەها ژنێک و 3 منداڵ ڕادەستی بەریتانیا کران. 4 ژن و 9 منداڵ ڕادەستی ئەلبانیا کران. 2 منداڵ ڕادەستی نەمسا کران، 22 کەس (6 ژن و 16 منداڵ) ڕادەستی بەلجیکا کران. 109 کەس (32 ژن و 77 منداڵ) ڕادەستی فەرەنسا کران، 146 کەس (42 ژن و 104 منداڵ) ڕادەستی تاجیکستان کران، 4 کەس (2 منداڵ و 2 ژن) ڕادەستی کەنەدا کران، 17 کەس (4 ژن و 13 منداڵ) ڕادەستی ئوسترالیا کران و هەروەها ژنێک و منداڵێک ڕادەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کراوە.
هێشتا ژمارەی وردی ژن و منداڵە بیانییەکانی داعش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەزانراوە، بەڵام بە هەزاران ژن و منداڵ لە کەمپەکاندا ماونەتەوە، بەتایبەت کەمپی هۆل و ڕۆژ.
Your browser doesn’t support HTML5