حکومەتی سوید ڕۆژی پێنجشەممە پێشنیاری یاسایەکی نوێی کرد بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەیوەست بە گروپە توندڕەوەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ توندکردنی یاساکانی دژە تیرۆر دادەنرێت کە دەشێت کاربکاتە سەر چالاکییەکانی هەزاران کورد لەو وڵاتەدا.
ئەم هەوڵەی حکومەتی سوید لە کاتێکدا بابەتەکانی یاسای دژ تیرۆر مەرجێکی سەرەکی تورکیایە بۆ پەسەندکردنی هەوڵەکانی ستۆکۆڵم بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ کە دەڵێت " سوید بووتە شوێنی داڵدەدانی ئەندامانی پەکەکە".
یاسا پێشنیارکراوەکە مەودای ئەو چالاکییانە فراوانتر دەکات کە دەچنە خانەی چالاکی قەدەغەکراوەوە.
جەبار ئەمین ئەندامی پەرلەمانی پێشووی سوید پێی وایە پەسەندکردنی یاسایەکی لەو جۆرە ئازادییەکان لە سوید بەرتەسک دەکاتەوە " کۆدەنگییەکی فراوان لە سوید هەیە لەسەر ئەوەی کە یاسایەکی لەو جۆرە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئازادییەکان هەیە و ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە."
گونار سترۆمەر وەزیری دادی سوید لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند هەتا ئێستا تاوانبارکردنی خەڵک سەخت بوو مەگەر کردارەکانیان "پەیوەندی بە کارێکی تیرۆرستی دیاریکراوەوە هەبوایە، بەڵام چیتر پێویست ناکات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەست بن بە تاوانێکی تیرۆریستی دیاریکراوەوە".
سترۆمەر جەختی لەوە کردەوە کە "فراوانکردنی بەرچاوی مەودای کارەکانە بە بەراورد بە یاساکانی ئێستا" واتا کردەوەکانی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ کەرەستەکان، ڕێکخستنی کەمپەکان یان شوێنەکان بۆ کۆبوونەوەکان، گواستنەوە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییە دیاریکراوەکان بەپێی یاسا نوێیەکە دەچێتە خانەی تاوانبار کردنەوە.
جەبار ئەمین لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " حکومەتی سویدا پێشنیاری ئەوە دەکات ئەوانەی کار بۆ (مانەوە و بەهێزکردنی) چالاکی ئەو ڕێکخراوانەی ناویان لە لیستی تێرۆردا هەیە بکەن سزا بدرێن، جا ئەو کەسانە کارەکەیان بە مەبەست کردبێت یان نا."
لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو سوید دەستوری وڵاتەکەی هەموارکردەوە تا ڕێگە بەو یاسا پێشنیازکراوە بدرێت کە لەگەڵ یاسای ئازادی ڕێکخراویی سویددا نەدەگونجا.
ئەمەش ببینە زانیاری نوێ سەبارەت بە پرسی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ
حکومەت بەنیازە پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکە لە مانگی سێدا بخاتە دەنگدان لە پەرلەمان و بەڕێز ئەمین پێی وایە ئەمجارەیان پەرلەمانی سوید یاساکە پەسەند دەکات " چاوەڕێ دەکرێت ئەم یاسایە لە ڕۆژی 1ی مانگی شەشی ئەمساڵەوە بکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە."
لە مانگی ڕابردوو تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ سوید و فینلاند سەبارەت بە هەوڵی ئەو دوو وڵاتە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی ڕامسس پلۆدنی سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی سوید کتێبێکی قورئانی پیرۆزی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم سوتاند.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی ئەرێنی دەڕوانێتە داواکارییەکەی فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوی ناتۆ، بەڵام پشتگیری لە داواکارییەکەی سوید ناکات هەرچەندە فینلاند ڕایگەیاندووە لەگەڵ سویدی دراوسێی پێکەوە دەستیان بەم هەوڵە کردووە و پێکەوەش دەچنە نێو ناتۆ.
ئەمەش ببینە ئەردۆغان بە ئەرێنی بۆ بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەڕوانێت بەڵام دەڵێت دەنگ بە سوید نادات
پاش لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ناو ئۆکرانیا سوید و فینلاند هەردوو وڵاتی باکوری ئەوروپا کە سنوری ئاوییان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە لە مانگی پێنجی ساڵی 2022 بڕیاریان دا دەستبەرداری بێلایەنی سەربازی بن و ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.
28 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، دەنگی بەڵێیان بۆ ئەندامێتی ئەم دوو وڵاتە داوە بەڵام بۆ بوون بە ئەندام پێویستی بە دەنگی تەوای هەر 30 وڵاتی ئەندام هەیە و هەتا ئیستا تەنها تورکیا و هەنگاریا دەنگیان نەداوە.
تورکیا بەتایبەتی سویدی تۆمەتبار کردووە بەوەی بووە بە شوێنی داڵدەدانی "تیرۆرستان" کە بە تایبەتی مەبەست لێی ئەندامانی پەکەکە یە.
بە پێی ئامارەکان 85 بۆ 110 هەزار کورد بەشێکن لە 10 ملیۆن هاووڵاتی سوید کە زۆربەیان لە ستۆکۆڵمی پایتەختی وڵاتەکە دەژێن.
یەكێک لەو شتانەی کە تورکیای بێزار کردووە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی کوردەکانە لە سوید کە زۆربەیجار تیایدا ئاڵای پەکەکە و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەرزدەکرێتەوە.
هەرچەندە وەزیری دادی سوید گوتی لە یاسا پێشنیازکراوەکەدا " بەشداری کردن لە خۆپیشاندانێک یان کۆبونەوەیەک نابێتە هۆی سزادانی کەسەکە،" بەڵام جەبار ئەمین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی وڵاتەکە پێی وایە یاسایەکی لەمجۆرە نیگەرانی لەسەر بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان دروست دەکات " ئەوەی من بەدەی دەکەم، کۆدەنگییەکی فراوان لە سوید هەیە لەسەر ئەوەی کە یاسایەکی لەو جۆرە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئازادییەکان هەیە و ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا ئەگەر یاساکە زۆر ڕوون نەبێت."
بەڕێز ئەمین دەشڵێت " زۆر لە کەسایەتی سویدی و خەڵکی سوید بە گشتی فشاریان خستووەتە سەر حکومەت بۆ ئەوەی چۆک بۆ ئەردۆغان دانەدات، بەڵام ئەم حکومەتەی ئێستای سوید زۆر لاوازە لەو بارەیەوە و چاوەڕوان دەکرێت چۆک دابدات و تەنانەت یاساش دەردەکات بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان. تەنها بۆ ئەوەی بچێتەوە ناو ناتۆ. هەر بۆیە دەبینین دەرەنجامی ئەم لاوازییە متمانەی خەڵکی بە حکومەت زۆر کەمبووەتەوە ئەوەش بە پێی ئەو ڕاپرسییەکانی کە لەم ماوەیەدا کراون."
تورکیا لیستی نێوی کەسانی داواکراوی دابوو بە سوید کە ڕادەستی تورکیایان بکاتەوە، ئەو کەسانەش بریتی بوون لە کوردەکانی کە تورکیا دەڵێت ئەندامی پەکەکەن لەگەڵ ئەندامانی بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن، کەسایەتی ئاینی بنکە لە ئەمەریکا کە تورکیا دەڵێت دەستی هەبووە لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016.
بلنت کەنەش سەرنوسەری ڕۆژنامەی تۆدەیس زەمانی تورکیا، کە ئێستا داخراوە، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە سەرۆکی تورکیا خۆی نێوی هێنابوو کە دەبێت ڕادەستبکرێتەوە، بەڵام دادگای باڵای سوید لە 19 ی دوازدە بڕیاریدا کەنەش ڕادەستی تورکیا نەکاتەوە، بەڵام لە سەرەتای هەمان مانگدا مەحمەد تات کە بە ئەندامێتی پەکەکە تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن سویدەوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە.