ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی هەفتەی ڕابردوو لە تورکیا و سوریا لە 42 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە

دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی 6 ی مانگەوە لە تورکیا گەیشتە 36 هەزار و 187 کەس .

دەزگاکە دەڵێت زیانەگیانییەکان لە مەرعەش، عەنتاب، ڕوحا، ئامەد، عەدەنە، سەمسور، عوسمانییە، هاتای، کلس، مەلەتی و ئەلعەزیز ڕوویداوە.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت بە گشتی لە ناوچەکەدا 29 هەزار و 944 کارمەندی گەران و فریاگوزاری کار دەکەن کە بریتین لە تیمە حکومی و نا حکومییەکانی تورکیا و خۆبەخشەکان. و دەشڵێت لە ئەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، ژمارەی ئەو کارمەندانەی گەڕان و فریاگوزاری کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن و بەردەوامن لە ئەرکەکانیان و ژمارەیان 11 هەزار و 488 کەسە.

بە گشتی 12 هەزار و 513 ئۆتۆمبێل و ئامێری تایبەت ڕەوانەی ناوچەکە کراون.

بە پێی ڕاگەیاندنی ئافاد تا ئێستا 216 هەزار و 347 کەس لە ناوچەی بوومەلەرزەکان دەرکراون.

لە سوریاش ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 5 هەزار و 651 کەس کە لەوانەدا نزیکەی 2 هەزاریان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان.