ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگرتنی سزاکان لە سوریا وەک دەرفەتێک بۆ گواستنەوەی پێداویستی تەندروستی بەکاردەهێنێت

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سود لە وەستانی سزاکانی پاش بوومەلەرزەکە بۆ سوریا وەردەگرێت تا بتوانێت پێداویسی و ئامێری تەندروستی بگەیەنێتە ئەو وڵاتە بەشەر وێرانبووە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو دۆخەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هاتووەتە ئاراوە دەقۆزێتەوە تا بتوانێت بە پەلە هەندێک خزمەتگوزارییە تەندروستییە وێرانبووەکانی سوریا ببوژێنێتەوە.

ئەو ڕێکخراوە تەندروستییەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنە بەشەڕچووەکانی سوریا کرد وەک دەرفەتێک لەم بوومەلەزەیە بڕوانن بۆ کۆتاییهێنانی تەواو بە شەڕی ناخۆی سوریا.

لەو کاتەوەی لە شەشی مانگی دوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر تورکیا و سوریای دراوسێی هەژاند زیاتر لە 46 هەزار کەس لە هەردوو وڵات گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار باڵە خانە ڕووخاون و بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر لە 125 هەزار کەسیش بریندار بوون.

دیمەشق زیاتر لە دە ساڵە سزای ئابووی لەسەرە و لە کاتێکدا ئەو سزایانە بۆ ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان دانەنراون، بەڵام لەلایەن هەندێک کەسەوە بە هۆکاری هێواشی هاتنی هاوکارییەکان لە دوای بوومەلەرزەکەوە دانران.

لەو کاتەوە ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک لە سزاکانی ڕاگرتووە، بەو هیوایەی دڵنیابێت لەوەی کە هاوکارییەکان بە خێرایی بگوازرێنەوە بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

ڕیچارد برێنان، بەڕێوەبەری فریاگوزاری ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئێستادا زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان، بۆ ئەوەی سوود لەم وەستانە لە سزاکان وەربگرین."

ناوبراو پاش گەڕانەوەی لە سوریا لە عەنتابی باشووری تورکیاوە گوتی " ئێمە لە ئێستاوە دەستمان کردووە بە داواکردنی کەرەستە و پێداویستییەکان و لەگەڵ هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر ڕێبازێکی بەکۆمەڵ دەکەین بۆ ئەوەی سوود لە وەستانەکە وەربگرین."

ئەو گوتیشی دەرمان، ڤاکسین، ئامێری تیشک و کەلوپەلی نەشتەرگەری زۆر پێویستن.

گوتیشی "ئێمە زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێین بۆ ئەنجامدانی کارەکان، بە سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە گرنگەی کە هەمانە."

لەدوای بوومەلەرزەکەوە چوار فڕۆکەی پڕ لە پێداویستی بۆ سوریا ڕۆشتون.

ململانێی سوریا لە ساڵی 2011 بە سەرکوتکردنی دڕندانەی سەرۆک بەشار ئەسەد بۆ ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکان دەستیپێکرد، و پەرەی سەند و بووە هۆی دروستبوونی چەندین دەسەڵاتی بیانی و جیهادی جیهانی.

لەو کاتەوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەش ئاوارە بوون.