حزبه‌ کوردییه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ترسی ئەوەیان هەیە چەک بکرێن و ئێران کۆمەڵکوژیان بکات

به‌رپرسانی حزبه‌ کوردییه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەڵێن، ئێران فشاره‌کانی بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێمی کوردستان چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ککردنیان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه‌ وێرای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئاماده‌ نین چه‌ک دابنێن و دواتر"کوشت و بڕ"بکرێن.

خه‌لیل نادری وته‌بێژی پارتی ئازادی کوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند "ئێران به‌رده‌وام فشار له‌ هه‌رێم و عێراق ده‌کات، تا هێزه‌ کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌ک بکرێن و وه‌کو په‌نابه‌ر له‌ که‌مپێکدا کۆبکرێینه‌وه‌، تا کوشت و بڕ بکرێین."

ئه‌و وتیشی"هه‌رێم به‌و داواکارییه‌ی ئێران ڕازی نه‌بووه‌، چونکه‌ ئێمه‌ له‌ پێش ڕاپه‌رینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمین، ئێمه‌ هه‌رگیز ده‌ست له‌ چه‌ک به‌رناده‌ین، به‌ڵام موراعاتی دۆخی هه‌رێممان کردووه‌ و هیچ جوڵه‌یه‌کی سه‌ربازیمان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌."

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه‌، عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران سه‌ردانی عێراقی کرد، دوای کۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا، له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا، رێککه‌وتنی ئه‌منییان بۆ پاراستنی سنوره‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجامدا.

عه‌تا سه‌قزی وته‌بێژی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت"یه‌کێک له‌ ئه‌جێندای سه‌ردانه‌که‌ی عه‌لی شه‌مخانی بۆ عێراق، چه‌ککردنی حزبه‌ کوردییه‌کانی ئێران و کۆکردنه‌وه‌یانه‌ له‌ که‌مپدا."

ئه‌و وتیشی"ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێم ده‌پارێزین، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی باسی چه‌ککردنمان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌، گه‌ر داوامانلێکرا، هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌رده‌بڕین."

پێشتر به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی ئێران، داوایان له‌ عێراق کردبوو ناوچه‌ سنورییه‌کانی نێوان هه‌رێم و وڵاته‌که‌یان کۆنترۆڵ بکات، به‌ بیانووی دزه‌کردنی چه‌کداری سه‌ربه‌ حزبه‌ کوردییه‌کان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ نێو وڵاته‌که‌یان، به‌ڵام به‌رپرسانی پارته‌ کوردییه‌کان به‌کارهێنانی خاکی هه‌رێم بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئێران ره‌تده‌که‌نه‌وه‌.

حکومه‌تی عێراق بڕیاری دروستکردنی هێزێکی نوێی پاراستنی سنوری بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هێزه‌که‌ به‌فه‌رمی پێکنه‌هێنراوه‌ و له‌ناوچه‌ سنورییه‌کان ده‌ست به‌کارنه‌بووه‌.

خه‌لیل نادری وته‌بێژی پارتی ئازادی کوردستان ڕوونیکرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز و فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی سه‌ر ئێران، ئێران ترسی له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه‌، بۆیه‌ فشاره‌کانی بۆ سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه‌، وتی"هه‌رێم داوای له‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات کردووه‌، له‌ ناوچه‌ سنورییه‌کان نه‌مێنن و جوڵه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام نه‌ده‌ن."

سه‌رباری خواستی ئێران بۆ چه‌ککردنی حزبه‌ کوردییه‌کانی ئێران، به‌ڵام هێشتا به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ داوای چه‌ک دانان له‌ حزبه‌ کوردییه‌کان نه‌کراوه‌، به‌ڵام داوایانلێکراوه‌ که‌ هێزه‌کانیان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌کان دووربخه‌نه‌وه‌ و به‌کاری نه‌هێنن بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئێران.

لە ساڵی ڕابردووشدا ئێران چەندین جار هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەمەش وای کردووە مەترسییەکانیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران زیاتر ببێت.