له‌کاتێکدا سه‌رۆکایەتی هه‌رێمی کوردستان واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانی دیاریکرد، به‌ڵام سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ڕه‌تیده‌کاته‌وه بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن راوێژیان له‌گه‌ڵ کرابێت و ده‌ڵێت، "هێشتا یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موارنه‌کراوه‌ته‌وه و کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش واده‌ی به‌سه‌رچووه، ئیتر چۆن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت." لە هەمانکاتیشدا گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت " وه‌فدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی لایه‌نه‌کانی کرد و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ کردن."
سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی 18ی مانگی یازدەی 2023ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دیاریکرد، هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانیشی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی کاری پێویست بۆ ئاماده‌کارییەکانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.
رزگار حاجی حه‌مه، سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند "بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پرس به هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌کراوه، پاشان گه‌ر کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن واده‌ی به‌سه‌رچووبێت و یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار نه‌کرابێته‌وه، هه‌ڵبژاردن چۆن ئه‌نجام ده‌درێت."
لەلایەکی تریشەوە، دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت "بڕیاربوو کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌کان ئه‌نجام بدرێت بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام پێده‌چێت کۆبوونه‌وه‌که ئه‌نجام نه‌درابێت، بۆیه وه‌فدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی لایه‌نه‌کانی کرد و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ کردن."
هه‌روه‌ها وتیشی "ئێمه وه‌کو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆسه‌ی دیموکراسیمان له دۆخی رێکخراوه‌یی لا گرنگتره، به تایبه‌ت گه‌ر هه‌ڵبژاردن ببێته هۆی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و تێبینیانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه‌کان له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یانه."
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه، دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ، داوای له په‌رله‌مانی کوردستان و فراکسیۆنه‌کان کرد، په‌له بکه‌ن له کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم، تا له واده‌ی یاساییدا ده‌ست به کاره‌کانی خۆی بکات، هه‌روه‌ها داوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری یاسایشی کرد بۆ ئه‌و ناکۆکیانه‌ی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌ن.
بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتێکدایە لە 15 ی ئەم مانگە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئال_مۆنیتەر جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردەوە لەمساڵدا.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەو دیمانەیەدا گوتی "هەڵبژاردن پێویستە. پێویستە بکرێن، هیچ بژارەیەکی دیکە نییە، ئەگەرنا، دامەزراوە حکومییەکان رەوایەتیی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەگەر هەر پارتێکی سیاسی بیەوێت بەربەست بۆ هەڵبژاردنەکان دروستبکات، ئەوا خۆیان گۆشەگیر دەکەن. هەڵبژاردن هەر دەکرێت."
به‌ڵام رزگار حاجی حه‌مه سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌کات، له‌کاتێکدا واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه، لایه‌نه‌کان سه‌رقاڵی گفتووگۆ و دانوستان بوون له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، ده‌ڵێت"ئێمه نازانین له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ک واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه."
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دروستبوونی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن دا، له‌کاتێکدا هێشتا لایه‌نه‌کان رێکنه‌که‌وتوون، دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وتی"داوا له حزبه‌کان ده‌که‌ین به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم له‌به‌رچاو بگرن و پشتگیری په‌رله‌مان بکه‌ن، تا هه‌نگاوی کرده‌یی بنێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن."
هه‌روه‌ها وتیشی"په‌رله‌مان لیژنه‌ی پێکهێناوه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و داواکاریانه‌ی پێشکه‌شکراون بۆ ئه‌ندامێتی له کۆمیسیۆن و هه‌نگاویش نراوه بۆ یه‌کخستنی تێبینیه‌کان بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، که‌واته گرفته‌کانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن نه‌ماون و ته‌نها رێگه له‌به‌رده‌ممان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه له‌مساڵدا."
له کاتێکدا سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بێ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و کارا کردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆن ده‌شوبهێنێت به دروستکردنی بینایه‌ک، به بێ وه‌ستا و کرێکار و که‌ره‌سته‌و پێداویستییه‌کان.
رزگار حاجی حه‌مه وتی "ئێمه سه‌رقاڵی لێکتێگه‌یشتن بووین، هه‌ڵبژاردن بکرێته فره بازنه‌یی، کورسییه‌کان به‌پێی داتای عێراق دیاری بکرێن و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی تر، به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه نه‌کراون."
لە 27ی مانگی دووی 2023 دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی نیشمانی کوردستان و بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پاش کۆبونەوەیەک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێککەوتن. بابەتەکانی کە ئەم دوو حزبە سەرەکییە لەسەری ڕێککەوتون بریتیین لە بازنەکانی هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و تۆماری دەنگدەران. بە پێی ڕێککەوتنەکەیان لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن بە چوار بازنە ئەنجام بدرێت.